فازڵ میرانی
نووسیومه (نەخێر – لیس) بۆ ئەوەی خوێنەر تێبگات، كە لەسەر (دووبارەکردنەوە) ڕاهاتووە و نەمنووسی (نا – لیست) هەتاوەکو بۆ (حاڵەتی تاکە کەسی) نەگەڕێتەوە.
پاساوی فەرمی بۆ ئەو هەڵەیەی، کە بووە هۆی زیانلێدان لە خەڵکانێکی سڤیل لەلایەن دەزگایەکی دەستووریی فەرمییەوە، کە ئێستا بیانووی ئەوە بۆ ڕەفتارەکەی دەهێنێتەوە، کە(حاڵەتێکی تاکەکەسی) بووە.
بەکورتی، کێشەکە لە چوارچێوەی ئەوە دەخولێتەوە، جووتیارانی کورد لەلایەن سەربازانی سەر بە سوپای ئێستای عێراقەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
بە بێلایەنییەکی تەواوەوە، دەڵێم: جووتیارێکی کورد، کە لەسەر زەوییەکەی کار دەکات، لەلایەن سەربازگەلێکەوە هێرشی دەکرێتە سەر، کە مووچەیان لە دەوڵەت وەردەگرن، جلی سەربازییان لەبەرە، هەڵگری چەکی مۆڵەتپێدراو و ئۆتۆمبێلی سەربازیان پێیە، کە هەموویان لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دابین کراوە، ئێ ئەو جووتیارانەش دەوڵەت پاڵپشتییان دەکات لەڕووی کڕینی بەروبوومی ساڵانەیان، ئەو جووتیارانە لەلایەن هێزێکەوە هێرشیان کراوەتە سەر، کە ئەرکیان ڕزگارکردنی وڵاتە لە دەستدرێژی دەرەکی.
ئەمە یەکەم جار نییە، کە کوردێک لەلایەن سوپای نیشتمانییەوە هێرشی دەکرێتە سەر و ڕەنگە دوایین جاریش نەبێت، چونکە کێشەکە هەرچەندە پەیوەندی بە بیرکردنەوەی تەسکەوە هەیە، هەروەها مەسەلەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە سوپا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە لە ئاراستەکردنی ڕۆڵی خۆی لە ڕووی دەستووری و یاسایی و ئەخلاقییەوە، دەنا هێرشیان نەدەکردە سەر جووتیارانی کورد، کە مافی دەستووری و یاساییان هەیە. سەربازە عێراقییەکان هێرشیان نەدەکردە سەر هاووڵاتییانی عێراقی، کە گوایە لە ژێر چاودێری سیستەمێکی سیاسی دان بە پێچەوانەی ڕژێمی پێشوو، کە گەندەڵی لە کشتوکاڵ و تەنانەت دانیشتوانی ناوچەکەش کردبوو.
لەخۆیدا دەبێت سوپا دیوارێکی پۆڵایین بێت بۆ پاراستنی نیشتمان و هەر هێزێکی سوپا دەبێت بە تەنیا پارێزەری سنوورەکان بێت و پێویست ناکات ڕۆڵی هەبێت لە کێشە ناوخۆییەکاندا، کە مافی لایەنەکانە ڕۆڵی خۆیان لە یەکلاکردنەوەی بگێڕن، واتە نابێت زیادەڕەوی تێدا بکرێت. گریمان گەر مەسەلەی جووتیارانی کورد پێویستی بە شتێکی لەم بابەتە هەبێت، زەوی و زاری خۆیانە و زەوی هەیە لێیان زەوتکراوە و خاوەنەکەی ئاوارە کراوە و زیانی لێکەوتوە و خەڵکی تری لە شوێن نیشتەجێ کراوە و ئایا بووە خاوەن ماف هێرشی بکرێتە سەر؟ لەلایهن کێش؟ لەلایەن لایەنێک، کە ڕۆڵی لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانە؟
ئەو هێرشەی، کە لە یەکێک لە گوندەکانی ئێمە و بۆ سەر جووتیارانی کورد ڕوویدا دەخرێتە پاڵ ئەو هەڵسوکەوتە خراپە مێژووییەی، کە لە ڕابردوودا ئەو بیروبۆچوونە ڕێگەپێدراو بووە بۆ هێرشکردنە سەر ژیان و ماڵی هاووڵاتیی کورد، کە لەلایەن ڕژێمی سیاسییەوە تۆمەتبارکراوە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە هیچ تاوانێکی لەسەر نییە.
کە ڕژێمی پێشوو ڕووخێندرا و سکاڵاکارەکان زیانلێکەوتووان قەرەبوو کراونەتەوە، کە دیارترینیان تاکڕەوی بوو لە بڕیاردان، هەر جارەی بە شێوەیەک، کە جارێک بە پەراوێزخستن و جارێک بە گۆڕینی دەقی دەستووری و بڕینی بودجە و مووچە و گەمارۆدانی نوێنەرەکانمان لە حوکمڕانیدا و دوایینیان هێرشکردنە سەر جووتیاران، کە ڕێگە دەگرن لە بەبیابانبوونی پاشماوەی زەوی و دابینکردنی باشترین زەوی بۆ بازاڕی نیشتمانی و هیچ تێچوونێک ناخەنە ئەستۆی دەسەڵات، وەک ئەوەی لە دەموچاو و بڕیارەکاندا خەرج دەکرێت، کە لە ئەنجامدا بێکاری و هەژاری و دزین و بەرتیل وەرگرتنی لێکەوتۆتەوە.
پرسیارگەلێکی زۆر هەیە سەبارەت بە ئەدای فهرمی و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە کوردی عێراقیشەوە ئایا کەسانێک هەن بەدواداچون بۆ مەسەلەی ڕێنمایی ئەخلاقی سەربازان دەکەن، کەسانێک هەن بەدواداچوون بۆ لێهاتوویی و ڕەفتارەکان دەکەن، دەچێتە ئەقڵ، بۆ نموونە: هێزێکی سەربازی جوڵە پێبکرێت بۆ شوێنێک یان هێرش بکات بۆ سەر خەڵکی سڤیل یان تاکێکی بێچەک و ئایا کەسێکی هۆشیار نییە بەو کەسانە بڵێت، کە مووچە وەردەگرن و جلی سەربازییان لەبەرە، کە لەسەر پارەی خەڵکی عێراق دەژین بە کوردەکانیشەوە، کە هەمووان هاووڵاتیی وڵاتێکن، کە پێی دەڵێن عێراقی فیدراڵ؟
ئایا ڕاستە بڵێین ئەوەی ڕوویدا حاڵەتێکی تاکەکەسییە؟
ئێمە باسی شەڕی نێوان دوو دراوسێ یان لێکتێنەگەیشتنی نێوان دوو لایەن ناکەین لە یەکێک لە بازاڕەکاندا، چەک چەکی دەوڵەتە و فیشەکەکانیش هەر هی دەوڵەتە بە جلی سەربازی و خاوەن ناسنامەی فەرمی و وەرگرتنی مووچە بەرامبەر ڕۆڵێک و لەسەر ئەم بنەمایە بە زمانی دەوڵەت قسە دەکات و دەستدرێژی دەکات.
خۆ ئەگەر بزانن ئەوه کارەساتەکەیە و ئەگەر نەشزانن، کارەساتەکە هێشتا لەوە گەورەتره.