Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 23 FEB 2025 20:08 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی لە ھەولێر بەڕێوەچوو
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- لە بیرەوەری کۆچی دوایی ھەژار موکریانی و ڕۆژی زمانی دایک، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و خەبات و ھزری زمانناس و نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد ھەژار موکریانی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی بەرێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ٢٢ـی ٢ـی ٢٠٢٥ لە ھوڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری (سەرۆک  بارزانی)، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و، مەحموود محەممەد ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و تەھا بەرواری نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئاریان سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری ھەولێر و (خانی ھەژار موکریانی) کوڕی مامۆستا ھەژار موکریانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی لە ھەر چوار پارچەری کوردستان، یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی بە ناونیشانی (ھەژار و زمان) لە ھەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە مارشی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی)ی ھەمیشە لەیاد دەستیپێکرد.

لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرھێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، باسی مێژووی دیاریکردنی ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕێگەی خەباتی بەنگالییەکانەوە کرد و گوتی: "خەباتی بەنگالییەکان کە لە زمانەوە دەستیپێکرد و گەیشتە سەربەخۆیی، ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە ڕاستە زمانەکەمان لە مەترسیدا نییە، وانەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج و، ھەر لە ڕاپەڕین و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا پرسی زمان پرسی سەرەکی حکوومەت بووە و خوێندن بە زمانی دایکی گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینەوە".

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، باسی لە گرنگیی مامۆستا ھەژار موکریانی لە ڕەھەندەکانی زمان، شیعر، پەخشان، وەرگێڕان، ئایینداری، سیاسەت و ھزر کرد و گوتی: "ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن کە دەستمان کردووە بەم دیدارەی (ھەژار موکریانی)، بۆ ئەمساڵ و لە ڕۆژی زمانی دایکیدا پرسی زمانمان کردووەتە تەوەری گفتوگۆکانمان و ڕەنگە ساڵێکی تر پرسێکی دیکە بکەینە چەقی گفتوگۆ و باسەکانی پانێڵەکانمان. بۆیە ئەمڕۆ یادی کەسایەتییەک دەکەینەوە کە شیعری ڕوون و فەرھەنگی ڕاست و وەرگێڕانی دروست پێشکەش بە منداڵەکانی کوردستان کرد، ئێمە یادی کەڵەپیاوێک دەکەینەوە کە لەگەڵ بارزانیی نەمر بە ھەمووانی گوت ئەمەیە ڕێبازی دروستی کوردایەتی".

دواتر دۆکیۆمێنتاری (ھەژار موکریانی قەڵەمێک لەپێناو کوردستاندا) پێشکەش کرا، کە لەلایەن کەناڵی کوردستان (٢٤) بە ھەماھەنگی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئامادەکرابوو، لەم دۆکیۆمێنتارییەدا، وێڕای دید و گوتەی ھاوڕێ و ھەڤاڵانی (ھەژار موکریانی)، ژیان و وێستگە و قۆناغەکانی ژیان و بەرھەمە بەنرخەکانی (ھەژار موکریانی) بۆ میوانان خرایەڕوو.

(خانی ھەژار موکریانی)، گوتاری بنەماڵەی مامۆستا ھەژاری پێشکەش کرد و گوتی: "ھەمووتان باش دەزانن، ھەژاری مەزن ھەموو ژیانی خۆی لە پێناو خەبات بە سەرۆکایەتیی (بارزانیی نەمر) و فەرھەنگ و زمانی کوردی سەرف کرد و لەم پێناوەشدا چەرمەسەری زۆری بینی و کەمتر کاتی بۆ ماڵ و منداڵی ھەبوو".

دواتر گرووپی میوزیکی یار سێ بەرھەمیان پێشکەش کرد کە یەکیان بە ناوی (سیاپۆش) بوو کە چوارینەیەکی مامۆستا ھەژارە و ھونەرمەندی گەورە ماملێ ئاوازی بۆ داناوە و دووەمیان مەقامێکی خورشیدی بوو کە ئەویش چوارینەی مام ھەژارە و ئاوازەکەی ھی فۆلکلۆری گەرمیانە. سێیەمیشیان شیعری (بە کوردی) بوو کە ئاوازەکەی لەلایەن ھونەرمەند (ھۆشیار کەریم) دانراوە. بڕگەی کۆتایی سەرلەبەیانیی دیداری ھەژار موکریانی، پێشانگەیەکی وێنەیی بوو سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی ( ھەژار موکریانی).

میوزیک و ستران، بەشێکی دیکەی دیداری ھەژار و زمان بوون لە (دیداری ھەژار موکریانی)، تیایدا چەندین بەرھەمی ناوازەی میوزیکی نەتەوەیی پێشکەشکرا و دیدارەکەی ڕەنگدارتر کرد.

پێشانگەی وێنەیی سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی (ھەژار موکریانی) بەشێکی گرنگی دیدارەکە بوون، لەم پێشانگەیەدا چەندین وێنەی ھەژار موکریانی لە قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتتدا نمایش کران، کە بەشێکی سەرەکیی و گرنگیان لەگەڵ (بارزانیی نەمر سەرۆک  بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) بوون.

بەشی دووەمی دیداری ھەژار موکریانی دوانیوەڕۆ لە کاتژمێر ١٢:٣٠ دەستیپێکرد کە لە سێ پانێڵ پێک ھاتبوون و ئەوانیش بریتی بوون لە:

پانێڵی یەکەم: زمانی یەکگرتوو

بەڕێوەبەری پانێڵ: دکتۆر نەفیسە ئیسماعیل

ـ ناسر حیسامی (زمانی کوردی لە ھەژارەوە تا ئەمڕۆ)

ـ پ.د. ھۆگر مەحموود (گرفتەکانی بەردەم زمانی یەکگرتوو)

ـ دکتۆر کامەران ڕەحیمی (داڕشتنی بەرنامەی زمانی، دیاردەیەکی ھاوچەرخ).

ھەروەھا پانێڵی دووەم: زمان و فەرھەنگ

بەڕێوەبەری پانێڵ: مەریوان ھەڵەبجەیی دکتۆر کوردستان موکریانی (فەرھەنگی ھاوچەرخ و گەورەی کورد)

ـ پ.د. شەھاب شێخ تەیب (کاری فەرھەنگنووسی لە دیداری ھەژار موکریانی)

ـ دیاکۆ ھاشمی (گرنگیی ڕێنووس لە فەرھەنگنووسیدا)

پانێڵی سێیەم: بەدیجیتاڵکردنی زمان و ژیریی دەستکرد

بەڕێوەبەری پانێڵ: د.سنوور قادر فەرەج 

ـ دکتۆر حامید کۆنەپۆشی (بەدیجیتاڵکردنی سامانی زمانی ـ ڕێکارەکان، پێویستییەکان و دەرفەتەکان) 

ـ دکتۆر شەھێن عەبدوڵا  عەبدولکەریم (کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ پێشخستنی زمانی کوردی) 

ـ دکتۆر ئاران ئەمینی (دۆخی ئێستای تەکنەلۆژییەکانی زمانی کوردی ـ بەربەستەکان و ھەڵەکانی بەردەم ئەم زمانە)

لە کۆتاییدا ڕاسپاردەکانی یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی خوێندرانەوە و خەڵاتی زێڕینی مام ھەژار پێشکەش بە (دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف) کرا لەپێناو خزمەتە زۆرەکەی بەرانبەر زمان و وێژەی کوردی.




دوایین هەواڵەکان

سمکۆ عەمەر لەعلێ "یەکڕیزی کورد پێویستییەکی حەتمییە"

SUNDAY, 23 FEBRUARY 2025 18:02:52

دھۆک-KDP.info-   سیاسی و کەسایەتیی دیاری ڕۆژئاوای کوردستان، سمکۆ عەمەر لەعلێ، جەختی لەسەر گرینگی ئامادەباشی کورد بۆ گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە کردەوە، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانیش لە یەکخستنی هێزە کوردییەکان بەرز دەنرخێنێت. 

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی تەیار (غەد)ـی سووریا دەکات

SUNDAY, 23 FEBRUARY 2025 16:02:04

ھەولێر-KDP.info-  یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئەحمەد ئەلجەربا سەرۆکی تەیاری (غەد)ـی سووریا کرد

"یەکێتیی ئافرەتان کۆنفرانسێکی زانستی لە سلێمانی ئەنجام دەدات"

SUNDAY, 23 FEBRUARY 2025 15:02:57


ھەولێر -KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان گوتی "لە پارێزگای سلێمانی کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناوی ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت لە پێناو یەکسانی و گەشەپێدان ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی ئافرەتان کار بکەن و بەربەستەکان بشکێنن و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و خۆیشیان لە بەڕێوەبردنی بژێویی خێزاندا بەشدار بن." 

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیا دەکات

SUNDAY, 23 FEBRUARY 2025 14:02:54

ھەولێر-KDP.info-   ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/2/23 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی، پێشوازیی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق کرد.

وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن

SUNDAY, 23 FEBRUARY 2025 13:02:13

هەولێر-KDP.info- شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-02-2025، دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست، کرا."

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact