ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/٢/١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز دانیال ڕوبنستین کرد کە کارەکانی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێوە دەبات.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ کرا و دەرباری پەیوەندییەکانی ھەولێر - بەغدا، ھەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ھەردوولا گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئەرێنی ھەڵسەنگاند، ھەروەھا ھیوایان خواست لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بگەنە ڕێککەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا و ڕەوشی کورد لەو وڵاتە، ھەروەھا ھەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا خرایە بەر باس.