ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شانەیەکی خەوتووی داعش لە سنووری خورماتوو پەلاماری چەند شوانێکیان دا، دەست بەجێ هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە دەستی بە جووڵە کرد و توانیان شوانەکان ڕزگار بکەن.
چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شانەیەکی خەوتووی گرووپی تیرۆرستی داعش لە سنووری گوندەکانی دوزخورماتوو بە دیاریکراوی لە دەوروبەری گوندی دوراجی و غەررە، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا پەلاماری چەند شوانکارێکیان دا، لەئەنجامدا ڕووبەرووبوونەوە لە نێوانیان دروستبووە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو سنوورە، دەست بەجێ هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بە نمەبەستی بە هاناوەچوونی شوانەکان و خەڵکی ناوچەکە ڕوویان لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکە کرد و توانرا شوانەکان بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتن.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پێشمەرگەی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە هەمیشە چاوکراوەیە و بە ورە و دەستێکی پۆڵاین رووبەڕووی هەموو جولە و کردوەیەکی تیرۆرستانی داعش دەوستێتەوە.
چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لەخوارووی گوندی دوڕاجی نێوان کفری و خورماتوو، سێ شوان لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش ڕووبەڕووڕووی یەکتر بوونەوە.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سێ شوان لەنێوان گوندی مەحە و دوڕاجی کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی نەوجول لە نێوان کفری و خورماتوو، کە ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕاندن، شەش چەکداری داعشیان بینیووە و شەرو پێکدادانی قورس لە نێوانیاندا ڕووی داوە.