ھەولێر -KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی ئەمساڵ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە زۆر باشە، تا ئێستا بێ گرفتە و وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش ھەنگاوێکی گرینگە و دەبێتە پاڵپشتێکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی داوای مافە دەستوورییەکانی خۆی لە بەغدا بکات."
دکتۆر فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەو ڕێککەوتنەی ئەمساڵ لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە زۆر باشە، ھیوادارین لە جێبەجێکردنی گرفت دروست نەکرێت، چونکە ئەوان داوای نیوەی داھاتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ڕێککەوتنەکە تا ئێستا باش بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێکی بۆ دروست نەبووە، بەو شێوەیەی ئێستا مووچە مانگانە لەکاتی خۆی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت."
دکتۆر فازل نەبی گوتیشی "یەکێکی دیکە لە ھەنگاوە باشەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکرنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان و وا دەکات کەمتر گرفت بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان زیاتر پشت ئەستوور دەبێت بۆ داواکردنی مافە دەستوورییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و مامەڵەکردن لەگەڵیان، چونکە ھەم داھات ڕادەستی بەغدا دەکرێت، ھەم نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، چونکە داھات زیاد دەکات."
بڵند ئیبراھیم