هەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 19ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دانیال ڕۆبنستین جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی.
پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕەفتاری نابەجێ و ئازاردانی جووتیارانی كورد لە پارێزگای كەركووك هێمای بەوەدا كە ئەم ڕەفتارانە دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنین و دیمەنەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دێنێتەوە یادمان. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێویستە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستوور كار بە پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بكرێت.