هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری دیاری کورد مەحموود حەفیدزادە ڕایگەیاند، بارەگای بارزانی بووەتە چەتری کۆکردنەوەی هەموو کورد، هەروەها ناوەندی بڕیاردانە بۆ گشت پرس و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
مەحموود حەفیدزادە، کەسایەتیی سیاسیی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێش و زۆر گرنگە بتوانین سوودی لێ ببینین و بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان بیقۆزینەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ڕابردووی نەتەوەکەمان بدەینەوە، بە درێژایی بزووتنەوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرفەتی ئاشتیمان ڕەت نەکردووەتەوە و دەستی ئاشتیخوازانەمان لە بەرامبەر نەیارەکانمان نەکشاندووەتەوە، هەروەها هەردەم ئامانج و ستراتیژی بزووتنەوەی کوردایەتی، دوور بووە لە ڕق و کینە و خۆپەرستی و ڕەتکردنەوەی لایەنی بەرامبەر.
حەفیدزادە دەشڵێ، سەرکردەکانی کورد بڕوای تەواویان بە دیالۆگ و چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگای گفتوگۆ و ئاشتیانە هەیە و وەک بیروباوەڕ و پرەنسیپ و ستراتیژێکی نەگۆڕ تەماشایان کردووە، هەموو شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد ئەم ستراتیژەیان پەیڕەو کردووە، ئەگەرچی بەداخەوە دوژمنانمان بەپێچەوانەوە هەرگیز ستایشی ئەو هەڵوێستە بەرز و مرۆڤدۆستانەیان نەکردووە، لای ئەوان تەنیا زمانی ئاگر و ئاسن و نکۆڵیکردن لە مافەکانمان پەیڕەو کراوە، گەلی کوردیش بە ناچاری دەستی داوەتە چەک و بەرگریکردن لە بوون و مان و کەرامەتی خۆی، لە پێناوی ئازادی و مافە ڕەواکانیدا جەنگاوە کە دەرئەنجامی سیاسەتی لایەنی بەرامبەر بووە کە هەمیشە نکۆڵییان لە ماف و ئازادیی نەتەوەیەکی دێرین و زیندوو و ئاشتیخواز کردووە، سەرئەنجامیش کورد مایەوە و ئەوانیش لە شوێنی خۆیاندان.
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەشی دا، لە ئێستاشدا بە گرنگی و ئومێدەوە لەو دەرفەتە دەڕوانین، کە بابەتی دانوستان و چارەسەری پرسی نەتەوەکەمانە لە باکووری کوردستان و لە وڵاتی تورکیادا بە ڕێگای ئاشتیانە و گفتوگۆ و دیالۆگ، کە دڵنیام چارەسەری ئەم پرسە دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بۆیە دڵخۆشین بە هاتنی خوشک و براکانمان و شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ دیداریان لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بارزانی و گەیاندنی پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بە بەڕێزیان، دەتوانم بڵێم دەستپێکێکی زۆر باش و گرنگە و نەتەوەکەمان بە ئومێدەوە لەو هەنگاوانە دەڕوانێت، کە هیوای یەکڕیزی و یەکبوونی کوردی تێدا بەدی دەکرێت، هەر لەو ڕوانگەیەوە هاتنی شاندی ئیمڕاڵی بۆ هەرێمی کورستان بەرز دەنرخێنم، چونکە پرسی کورد لە هەموو پارچەکان، یەک پرس و یەک چارەنووسە.
"بە گرنگی دەبینم هاوئاهەنگی و پرس و ڕاوێژ لەسەر ئاستی نەتەوەیی لەنێو سەرکردەکانی کورد لە هەموو پارچەکان بەردەوام بێت و بەهێز بێت، دڵنیام جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو دەبینێ بۆ چارەسەر و بەرەوپێشبردنی ئەو دەرفەتە بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بە مەستی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە وڵاتی تورکیادا، پێشتریش چەند جارێک دەستپێشخەری کردووە". حەفیدزادە وای گوت.
ناوبراو زیاتر دەڵێ، بێگومان سەرۆک بارزانی هەمیشە ئامانج و هیوای ئەوە بووە کە نەتەوەی کورد ببینێ بە سەرفرازی و بە سەربەخۆیی بگات و هەموو خەبات و تێکۆشانیشی هەر لەو پێناوەدا بووە، لە ئێستاشدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ پاڵپشتیی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ئومێدێکی گەورەیە و جێگەی متمانەی هەمووانە و بە ئومێدێکی زۆرە لێی دەڕوانرێت، جیا لەوەش لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیش سەرنج و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بە بایەخ و بەهەند وەردەگیرێن وەک سەرۆک و ڕێبەرێکی بەئەزموون و ئاشتیخواز پرس و ڕاوێژی پێ دەکرێت، پێویستە هەمووان پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بکەین، لەم هەلومەرجە نوێیەشدا کە هاتووەتە پێشەوە، زۆر گرنگە سەرکردایەتیی کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت، چونکە پەرتەوازەیی و ناتەبایی ناوماڵی کورد زیانی زۆرمان پێ دەگەیەنێت، ئەزموونی ڕابردوو و مێژووشمان پەند و وانەی زۆری تێدایە بۆ ئەم ڕۆژگارەمان، لە قۆناغەکانی مێژووی ڕابردوومان هەر کاتێک کورد یەکگرتوو بووە، دەستکەوت و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، لەو سۆنگەیەوە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، زامنی دەستکەوت و سەرکەوتنی ئایندە دەبێت، دواتریش یەکڕیزیی کورد لەسەر ئاستی نەتەوەیی زۆر گرنگە، تا بتوانین لەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەی ناوچەکەمان، ئامانجە نەتەوایەتییەکانمان بەدەست بهێنین.
هێمای بۆئەوەش کرد، سەرۆک بارزانی هیچ کات درێخی نەکردووە و هەمیشە هەنگاوەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد هەڵگرتووە و هەموو کات فاکتەری هێز و دڵنیایی و ئیلهامبەخش بووە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و خەمخۆر و داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد بووە، لە هەمان کاتیشدا پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ئێستاشدا کە توانا و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ لەسەر ئاستی نەتەوەیی بەگەڕ خستووە، جێگەی ئومێدی هەمووانە و دڵخۆشم ڕۆژانە دەبینین بارەگای بارزانی بووەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورستان و ناوەندی بڕیاردانە بۆ گشت پرس و چارەسەری کێشە سیاسییەکان کە ڕووبەڕووی نەتەوەکەمان دەبنەوە.
عەزیز ڕەسووڵ