باکووری کوردستان-KDP.info- بەردان ئۆزتورک، گوتەبێژی کۆمسیۆنی کاری دەرەوەی دەم پارتی و جێگری هاوسەرۆکی ئەو پارتە و ئەندامی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ناوەرۆک و وردەکاریی سەردانی شاندەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: گرنگیی سەردانی شاندی (DEM) بۆ هەرێمی کوردستان چی بوو؟
بەردان ئۆزتورک: ئێمە وەک پارتی DEM، پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد، لە نێوان پارت و دامەزراوە و ڕێکخراوە کوردییەکان زۆر بە گرنگ دەزانین. چارەنووسی گەلەکەمان بەندە بە پەیوەندی و هاوپەیمانێتییە نەتەوەیی و ناوخۆییەکانمان. تا ئێستا چەندین جار هەوڵمان داوە ئەم پەیوەندییانە پەرە پێبدەین و هاوپەیمانێتیی نەتەوەیی پێکبێنین، بەڵام ئەم شاندە لە هەوڵەکانی پێشوومان، لە شاندەکانی پێشوومان جیاوازترە، ئەم سەردانە گرنگترە بۆ ئێمە و بۆ هەموو گەلەکەمان. شاندەکە کە هاتە هەرێمی کوردستان، شاندی ئیمراڵی بوو. وەک ئێوەش دەزانن بەڕێز ئۆجەلان ئەم ١٠ ساڵەی دوایی لە ژێر گۆشەگیرییەکی قورسدایە، کە ٢٦ ساڵە لە بەندیخانەیە، بەڵام دوای پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چەند مانگەی دواییدا، هەلومەرجێک هاتووەتە ئاراوە، لە تورکیاش پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری ناوخۆیی فەرز کردووە. ئەم پێویستییە لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە قبووڵ کراوە، بۆیە دەرگای ئیمراڵی تا رادەیەک کرایەوە، ئەگەرچی گۆشەگیری نەشکاوە، بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا شاندەکەمان ٢ جار لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان چاوپێکەوتنی ئەنجام دا و سەردانی شاندی ئیمراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەسەر داوای بەڕێز ئۆجەلان پێکهات و دەیەوێت بەڕێز مەسعود بارزانی و رێبەرانی گەلی کورد لەم پرۆسەیەدا رۆڵ بگێڕن، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەردان ئۆزتورک: دۆز و کێشەی کورد ئەمڕۆ کێشەیەکی نێودەوڵەتی و فرەلایەنە. کاتێک لە پارچەیەکی کوردستان پێشکەوتنێک ڕوو دەدات یان ئاڵۆزییەک دێتە ئاراوە، ئەمە کاریگەری لەسەر هەموو پارچەکانی تر دەبێت. لەم بوارەدا ڕۆڵ و پێگەی بەڕێز مەسعود بارزانی گەورەیە. پارتی DEM دەیەوێت هەموو ڕێبەر و سەرۆکە کوردەکان شان بدەنە پاڵ یەکتر و بۆ مافە نەتەوەییەکان پێکەوە کار بکەن. لە پرۆسەیەکی وەهادا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوورەکان دەگۆڕدرێن، سیستمەکان هەڵدەوەشێنەوە و لە نوێوە دادەمەزرێنەوە، پێویستە گەلی کورد ئیتر ببێتە خاوەنی ماف و ئازادی، ئەمەش بێگومان بە یەکێتیی نەتەوەیی مومکین دەبێت. لە شوێنێک کە دوژمنانی گەلی کورد لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانیان هاوپەیمانێتی دژی کورد دروست دەکەن، بۆچی گەلی کورد بۆ ئازادیی خۆیان نەبنە یەک و پێکەوە کار نەکەن؟ بێگومان گەلەکەمان لە چاوەڕوانییەکی گەورەدایە، مێژووش بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی هەموومان. بەڕێز بارزانی بە کەسایەتیی خۆی، بە سەرۆکایەتیی خۆی، دەتوانێت پێشەنگایەتیی ئەم یەکێتییە بکات. بەڕێز بارزانی دەتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیاش ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت، ئەم قورسایی و ئەزموونەی هەیە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: پێویستە کورد چۆن یەکڕیز بن لەم کاتەدا کە گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن؟
بەردان ئۆزتورک: جیاوازیی لە نێوان دامەزراوە و پارتە کوردییەکان هەیە و دەبێت هەبێت. ئێمە زۆر گەورەین، فرەڕەنگین، فرەدەنگین، خاوەنی بیر و باوەڕ و هەوڵی جیاوازین، بۆیە ڕوئیا و دنیابینیی جیاوازیش دەبێت، بەڵام دواجار ئێمە میللەتێکین، خاک و مێژوومان یەکە و گرنگتر لە هەمووی چارەنووسیشمان یەکە. لەگەڵ ئەم جیاوازییانەمان دەتوانین لە بەرامبەر دنیا، لە بەرامبەر دوژمنانی کورد ببینە یەک. یەکێک لە ئێمە بدۆڕێت، هەموومان لەگەڵیدا دەدۆڕێین، یەکێک لە ئێمە سەرکەوێت، ئەمە دەبێتە سەرکەوتنی هەموومان. شتێکی تریش، یەکێتیی نەتەوەیی، هەڵبژاردن نییە بۆ گەلەکەمان، ناچارییە، دەبێت رێز لە یەکتر بگرین و ببینە یەک، چونکە یەکێتی و یەکگرتوویی، فەرزە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: پرسی کورد ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسێکی گەورە و گرنگە، پێویستە کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات؟
بەردان ئۆزتورک: کورد ئیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزێکی گەورەن، خاوەن ئایدۆلۆژیان، خاوەن سیاسەتن، ڕێکخراون. کورد، کوردی جاران نین، بۆیە لە دنیادا دەناسرێن، خۆشەویستن. دوژمنانی کورد زۆرن، بەڵام دۆستانی کوردیش زۆرن ئیتر، ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت. کورد لەم سەردەمەدا وەک کاراکتەرێکی گرنگ دێتەوە سەر شانۆی مێژوو، لەبەر ئەوەی نەک تەنیا بەهێزن، بەڵکو لە هەمان کاتدا خاوەن پڕۆژەن، مۆدێلی ژیان و بەڕێوەبردنی نوێ دروست دەکەن و بۆ کەس هەڕەشە نین، بۆیە پێویستە گەلەکەمان بەپێی ئەم راستییە کار بکات و متمانەی بە خۆی هەبێت. خەباتی گەلی کورد ئەمڕۆ بۆ هەموو گەلانی ژێردەستە هیوایەکی گەورەیە. گەلەکەمان بێگومان سەردەکەوێت و کاتێک سەرکەوت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە ئاراوە.
کاروان باعەدری