ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کارکردن بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بەردەوامە و بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت پێویستە ئەو یەکانە ئەمساڵ دەست بە دروستکردنیان بکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بەردەوامە و لە ھەندێک شوێن دەستمان پێکردووە، بەڵام بەھۆی بارودۆخی داراییەوە لە ماوەی ڕابردوودا ھەندێک خاویی پێوە دیار بوو، ئەوەش کاتییە و پرۆسەکە بەردەوامە و بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ئەو یەکەیانە بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دروست بکرێن و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری خۆی داوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ھەوڵەکان بەردەوامن و کاری لەسەر دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی ئەو یەکەیانە بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بکرێت، چونکە ئەوە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتیش ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون.
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بە پێشەکییەکی کەم و قیستی درێژخایەن دروست دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم