ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2/19 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا.