ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشهممه 22ی1ی2025، 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مههابادی كوردستانی ئێران تێدەپەرێت.
کۆماری کوردستان لە ماوەی 11 مانگ تەمەنیدا دەسکەوتی گەورەی لە چەندین بواری جیاوازدا هەبوو و میراتی مەعنەویی بە نرخیشی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب بۆ نەوەکانی دواتر لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەجێهێشت.
79 ساڵ لەمەوبەر و لە 22/1/1946، لە شاری مهابادی كوردستانی ئێران و بە ئامادەبوونی 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە، پێشەوا قازی محەممەد، دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند.
ئەو ڕۆژە، ئەم 20 هەزار نوێنەرەی خەڵکی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە دواتر لە ژمارەی 8ی ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆمار کرد: لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێ دەژی سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورا دەست پێبکرێت، حکوومەتی نیشتمانیی کوردستان و وەزارەت و فەرمانگە پێویستەکان دابمەزرێن، هێزی چەکداری نیشتمانیی کوردستان پێک بێ، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی ساز بكرێت و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی ئازەربایجان پتەو بکرێت.
بەمشێوەیە ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکوومییەکانی سنووری دەسەڵاتی کۆمار هەڵدرا و بناغەی یەکەمین حوکمڕانیی مۆدێڕنی کوردی دامەزرا.
بارزانییەكان ڕۆڵی سەرەكییان لەم كۆمارەدا بینی و سەركردەی مێژوویی كوردستان مەلا مستەفای بارزانی، لەگەڵ ھێزەكەی لە ههرێمی كوردستانهوه چووبوونە ھانا و یارمەتیی كۆماری كوردستان، ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و خۆیشی لەلایەن كۆمارەوە وەك ژەنەڕاڵی سوپای میللیی كۆمار دەستنیشان كرا و ئەوانیش بەشێكی سوپای كۆماریان پێك ھێنا. پاش شۆڕشەكانی بارزان، كە لە ساڵانی 1930 بۆ 1945 بوون و شێخ ئەحمەدی بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە، لە كۆتاییەكانیدا مەلا مستەفا كە وەك كەسایەتییەكی كاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەركردایەتیی گرتە دەست و ھاوكات لەگەڵ دەسپێكی كۆماردا رووی كردە موكریان و لە مهاباد گیرسانەوە و یارمەتیی زۆری كۆمار و سوپای میللیی كوردستانیان دا و لە چەند ناوچەیەكی كۆمار ئەركی پەروەردە و بارهێنانی ھێزی پێشمەرگەی كۆماری كوردستانیان گرتە ئەستۆ و بەشدارییان لە كۆماری كوردستان وەك لاپەڕەیەكی پرشنگدار و ھاوپەیوەندیی نەتەوەیی لەناو كوردستان دێتە ئەژمار.
بارزانیی نەمر، لەگەڵ پێشمەرگەكانی كە لە ههرێمی كوردستانەوە ھێنابوونی، بەشێكی سوپای كۆماریان پێكھێنا. دوای رووخانی كۆمارەكە، زۆربەی سەربازەكان و چوار ئەفسەر (سەرھەنگ عێزەت عەبدولعەزیز، سەرھەنگ مستەفا خۆشناو، سەروان محەممەد مەحموود قودسی و سەرگورد خەیروڵڵا عەبدولكەریم) بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ عێراق. دوای ھاتنەوەیان بۆ عێراق، ئەو چوار ئەفسەرە سزای كوشتنیان بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستاش وەك شەھیدی قارەمانی شەرەفمەندی كوردستان ناو دەبرێن. چەندسەد سەربازێك لەگەڵ بارزانیدا مانەوە و لە ماوەی ئەو ڕۆیشتنە پێنج ھەفتەییەیاندا كە بەرەو سۆڤییەت گرتیانە بەر، ھەموو ھەوڵەكانی سوپای ئێرانیان بۆ رێلێگرتنیان تێك شكاند. لە تشرینی یەكەمی 1958، مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ نیشتمان و خەباتی بۆ مافهڕهواكانی نهتهوهكهی دەست پێكردهوه.
دامەزراندنی چاپخانە و ڕادیۆ بۆ ناوشاری مهاباد، دامەزراندنی سینەما، بەڕیوەچوونی شانۆنامە، هەروەها بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی کوردستان کە دوو ڕۆژ جارێک بڵاودەکرایەوە و پێنج گۆڤار و یەک لەوانەش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان کە یەکەم گۆڤاری کوردی بۆ منداڵان بووە بڵاوکرایەوە، لە دەسکەوتە کولتووری و هونەرییەکانی 11 مانگ دەسەڵاتداری کوردی لە کۆماری کوردستانن.
دەستپێکردنی پەروەردە لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی و بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت، دادگاکان و دامەزراوە ئایینییەکان و دامودەزگا سەربازییەکان یەکێک لە دەسکەوتە سەرەکییەکانی زمانی کوردییە. کۆمار لە بواری ئابوورییەوە پشتی بە سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاووڵاتیان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەبەست.
کۆماری کوردستان، 11 مانگ دواتر بە هێرشی سوپای ئێران رووخێنرا و دامەزرێنەرانی لە سێدارە دران، ئەو کۆمارە ئەگەرچی تەمەنی نەگەیشتە ساڵێک، بەڵام میراتی مەعنەویی گەورەی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیبی بۆ نەوەکانی دواتری کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەجێهێشت.