ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئەمساڵ ڕەزامەندی بۆ سەرجەم فەرمانبەران وەردەگرین، کە نزیکەی ٤٠٠ھەزار فەرمانبەر دەبن لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، دواتر لەسەر شارەوانییەکان دەمینێت زەوی تەرخان بکەن، ئەوانیش خەریکن".
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ھەموو فەرمانبەران کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، بۆیە ئەمساڵ دەتوانین ڕەزامەندی بۆ ھەموو فەرمانبەران وەربگرین زەوییان پێدەدرێت، دواتر لەسەر ئەوە دەمینێتەوە شارەوانیەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بکەن، چونکە ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ خاوەن موڵکەکان هەیە".
سەربەست مەولوود گوتیشی "ئێمە وەکو لیژنەی وردبینی و ئامادەکردنی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، کاری خۆمان دەکەین و ڕەزامەندییان بۆ وەردەگرین، داواش لە ھەموو شارەوانییەکان کراوە زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بکەن، ئێستا خەریکی دابینکردنی زەوین.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠٠ھەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، بۆیە لە ھەموو ناوچەکان شارەوانییەکان سەرقاڵی دابینکردنی زەوین بۆ فەرمانبەران".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتی پێویستیان ھەیە پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت، ئێستا پرۆسەکە دەستی پێ کردووە.
بڵند ئیبراھیم