ھەولێر-KDP.info- بڕیارە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس سەردانی سویسرا بکات، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش لەمبارەیەوە دەڵێت، "نزیکەی 20 وەبەرهێنەر و بازرگانی گەورە یاوەری شاندەکە دەکەن".
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ 19-1-2025، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە مەسروور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس سەردانی سویسرا دەکات.
شاندەکە لە مەسروور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نزیکەی 20 وەبەرهێن و بازرگانی گەورەی کوردستان پێکهاتووە.
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە و زۆرینەی سەرۆک، بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، گەورە بازرگان و وەبەرهێنەران تێیدا بەشدار دەبن، هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی جیهان لەم کۆڕبەندەدا بەشدار دەبێت.
قائید میرۆ