د. سامان سۆرانی
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوو، لە زۆر بواردا پەرەسەندن و گۆڕانی بنچینەیی بەخۆیەوە بینووە، بە شێوەیەك لەسەر هەموو ئاستێکدا چۆتە ناو قۆناغێکی مێژوویی نوێ.
پرسیار ئەوەیە، ئەگەر بارودۆخی ناوخۆیمان یەکگرتووی نەبێت، ئایا دەتوانین لەم پەرەسەندن و گۆڕانانە تێبگەین، یان سوودیان لێ وەربگرین؟
وەرچەرخانەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکە پێویستی بە ئیرادەیەکی مرۆڤیی و کولتوورێکی بەردەوام هەیە، کە پێگەی تاكی مرۆڤ و مافەکانی و کەرامەت و دەستکەوتەکانی بپارێزێت.
پێویستە لە هەرێمی کوردستان بژاردەکانی دیالۆگ، پلۆرالیزم، لێبوردەیی و سیستەمی سیاسیی هاوچەرخ زیاتر ڕەگ دابکوتێ و بەها مرۆییەکان قووڵتر بێت، چونکە بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای بەشداریی پێ کردن کارای هاووڵاتی و چەسپاندنی دیموکراسی لە ژیانی گشتیدا ستوونی گرنگی بەرگری و خۆپاراستنە.
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئاسۆیەکی کراوەدایە. ڕاستە توانا مرۆییەکان لە ڕووی مەعریفییەوە کەم وکورتییان هەیە. پەیوەندییە مەدەنییەکان و کۆمەڵەکانی سوودی گشتیی تا ڕادەیەك لاوازیان پێوە دیارە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کەوا هەنگاوە ئەرێنییەکانی کابینەی نۆیەم بەرەو حوکمڕانی باش “Good Governance” نادیدە بگیرێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان و پشتیوانیی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و فراوانکردنی تواناکان و هاندان بۆ هەڵبژاردن و ئازادییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێشەنگێتی خۆی سەلماندووە.
لە کابینەی دەیەمدا مەبەستە داهێنانێکی سیاسی و دامەزراوەیی نوێ بخرێتە گەڕ، کە بە ڕەچاوکردنی گۆڕانەکانی ناوچەکە، شێوازی دەسەڵات مۆدێرنتر و پێشکەوتووتر بکات.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان و وەرچەراخانەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەگەر ئێمە لە تواناماندا نەبێت، بیر و بۆچوونی نوێمان دروست بکەین و بواری نوێ بڕەخسێنین، یان ئەگەر لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەکان هەڵبێین و لە ئەرکی داهێنان و ڕۆڵگێڕان دوور بکەوینەوە، چونکە ناسنامە ئەوەیە، کە ئێمە بەدەستی دەهێنین و بەباشی ئەنجامی دەدەین. واتە ئەوەی لەگەڵ خۆمان و جیهاندا دەیکەین ناسنامەیە، نەک ئەوەی تەنیا لە بیرەوەریماندایە و دەیپارێزین، یان بەرگری لێ دەکەین.
ئەگەر تەنیا کار لەسەر بیرەوەری بکەین، ئەوا ڕابردوو دەبێتە کۆسپێک و سەرقاڵمان دەکات لە تێگەیشتن لە واقیع و دروستکردنی زانست و کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵکردن لەگەڵ جیهانی پڕ لە شۆڕشی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن.
دیارە دیموکراسیەت و حوکمڕانیی باش لە دەرگای پشتەوە ڕوومان تێ ناکات، بەڵکو دەبێت بڕیارێکی سیاسی هۆشیارانەی بۆ بدرێت، چونکە چەسپاندنی دیموکراسییەت و حوکمڕانیی باش، وەکو جەنابی سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی، بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە، تەنیا لە ڕێگەی چاکسازیی هۆشیارانە و بوێرانە بەدی دێت.
دیارە چاکسازی لە ئەخلاقی کار، تەنیا بە زیادکردنی مووچە ناکرێت، تەنانەت بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی توند بۆ سزادان و لێپرسینەوەش ناکرێت، ئەگەر چی ئەو دوو ئامرازە لە هەر کەرتێک کاری پێویست و عەقڵانییە. ئێمە پێمان وایە، گرنگترین شت ئەوەیە، ڕێز لە نایابیی تاکەکەسی بگیرێت، ڕێگە بە لەباری و داهێنان بدرێت، و پاداشت و سوپاسگوزاری نایابەکان بکرێت، بەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت ویستە داهێنەرانەکانیان وەکوو خەون نەمێنن، بەڵکو جێبەجێ بکرێن.
کارکردن بۆ پێدانی مافی ئەخلاقی و سروشتی هاووڵاتی بۆ دەربڕینی تواناکانی بنەمایەکی سەرکەوتوو و دروستە بۆ سیستەمێک، کە بە عەقڵییەتێکی ڕووکەشانە کار نەکات، چونکە عەقڵیەتی ڕووکەش و خۆ بەزلزان دەڵێ: "دەوڵەت لە تاکەکان گرنگترە و نەتەوە لە هاووڵاتییەکانی."
هەر کۆمەڵگەیەك تیایدا ئەگەری ڕەخنەگرتن و لێپرسینەوە لە کەمبوونەوە بێت، ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانەکاندا هەڵ بکات و زۆرترین سوود لە دەستکەوتەکانی سەردەم و تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین: حوکمڕانی باش بەبێ هەبوونی زانیاری، یان کاریگەری زانستی ڕوو نادات و قەوارەی هەرێمی کوردستان و کاروباری گشتی لە هەرێم تایبەت نییە بە نوخبەیەکی سیاسیی دیاریکراو، بەڵکو فەزایەکە و هەموو ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی كوردستان، ئەوەی باوەڕی بە بەها و ڕێبازی پیرۆزی کوردستانیبوون هەبێت، دەتوانێ پشكدار بێت لە دامەزراندنی و فروانکردنی و بەرگریی لە مانەوەی.
هاووڵاتی كوردستانی دەتوانێ پشکدار بێت لە دیبەیتە گشتییەکان و تیشک بخاتە سەر بابەتە هەنوکەییەکان و دەستپێشخەری بکات بۆ پێشنیازکردن لە چارەی کێشە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان.
ناسنامەی بەهێز و کاریگەر ئەوە نییە، کە مرۆڤ هەیەتی یان پێی دەبەخشرێت، هەروەها ناسنامەی بەهێز قەوارەیەکی میتافیزیکی نییە، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوون و کارکردنە لەسەر بەخشندەیی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، بۆ ئەوەی بگۆڕدرێ بۆ کار و دەستکەوت.
ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتین، تا کەسایەتییەکی لێهاتووی وەکو مەسروور بارزانی بتوانێ وەکوو سەرۆكی کابینەی حکوومەت بەردەوام بێت لەسەر بەرنامەکانی بۆ چەسپاندنی حوکمڕانی باش و پێشکەوتن و سەقامگیری و سەروەری گەلی کوردستان.