هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری دەستنیشانکراویی ئاسایشی نیشتمانیی لە حکوومەتی داھاتووی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.
ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و مایکل واڵتز کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، کە بەم دواییە لەلایەن بەڕێز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە، وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، چەندین بابەتیان تاوتوێ کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی و ستایشی تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد. هەروەها بیروڕایان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگی گۆڕانکاریی دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری.