ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کار بۆ رێکخستنەوەی ناو شاری ھەولێر دەکەن و لە کۆبوونەوەی داھاتوودا، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت، کۆمەڵێک بڕیار دەردەچن.
مەسعود کاڕەش، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو پارێزگای ھەولێر، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکمان بۆ رێکخستنەوەی ناوشاری ھەولێر ئەنجام دا و جارێ تەنیا دیراسەکردنە و بڕیارمان نەداوە، بەڵام بەم زووانە کۆبوونەوە دەکرێت و ئەوکات کۆمەڵێک بڕیار دەدرێن تایبەت بە رێکخستنەوەی ناوشار و گرنگیدان بە گەڕەکە کۆنەکانی ھەولێر و ئایا لە داھاتوو ڕووکاری هەولێر چۆن دەبێت، بۆیە ئێستا دیراسە دەکرێت و لە داھاتوودا بڕیاری لێ دەدرێت، چونکە لە ھەموو شارەکان سەنتەری شار تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و دەمانەوێت ئەو تایبەتمەندییەی ھەولێر بپارێزین.
کاڕەش گوتیشی: "زۆر بیرۆکە ھەن و جارێ دیراسە دەکرێن و دواتر هەر کامێکیان پەسەند بکرێت، ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی زۆر باش دەبێت، بۆ ئەوەی ناوشاری ھەولێر رێک بخرێتەوە و گرنگیی زیاتریشی پێ بدرێت، بۆیە ئێستا کاری تێدا دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند دەکرێت و بڕیاری پێویستی بۆ دەردەکرێت، چونکە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە ھاوبەشی لە نێوان پارێزگای ھەولێر و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت.
بڵند ئیبراھیم