عوسمان ڕانیەیی
گه‌شت و گه‌ڕان و ده‌رچوون، وه‌ك چالاكییه‌كی به‌سوودى مرۆڤ، هه‌رده‌م كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی و بیره‌وه‌ری و ئه‌زموون له هه‌گبه‌ى خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ك یه‌كترناسین له‌گه‌ڵ كه‌سانى دیكە، بینینى دیمهنێكى سروشتیى ناوازه، سه‌ردانكردنى شوێنێكى كه‌له‌پووری و كه‌ونار، تامكردنى خواردنێك، بهرچاوكهوتنى ڕووداوێكى سه‌رنجڕاكێش و... هتد.
گه‌شتكردن هه‌ر ئه‌وه نییه له شوێنێكه‌وه بڕۆی بۆ شوێنێكی دیكە، به‌ڵكوو ده‌رفه‌تێكه بۆ گۆڕینى گه‌شه‌ى گیان، ڕامان و بۆچوونى تازه‌یه ده‌رباره‌ى ژیان. له گه‌شته‌كاندا هه‌ندێك ورده‌كاری دروست ده‌بن، كه په‌یوه‌ندییان به مێژووى ڕابردووەوە هه‌یه، یان به‌و ساتانه‌ى مرۆڤه‌كان تێیدا هه‌ست به دڵخۆشی ده‌كه‌ن، یان ئه‌و ئه‌زموونانه‌ى فێریان ده‌بێ.
بۆ كه‌سێك، كه زۆر گه‌ڕان و گه‌شت ده‌كات، هه‌ر گه‌شتێكى نوێبوونه‌وه‌یه‌ك و ئاشنابوونیهتى به هه‌موو ئه‌و شته جوانانه‌ى، بۆ خزمه‌تى مرۆڤایه‌تى ئه‌فرێندراون، گواستنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌زموونانه‌ش خۆى له خۆیدا ته‌واوكه‌رى ئه‌و چالاكییانه‌یه، له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سانی دیكە و بۆ كۆمه‌ڵگه، به‌مه‌ش دیسانه‌وه چیرۆكه‌كه به ڕه‌نگ و بۆنێكى دیكه ڕهنگاژۆ ده‌كرێته‌وه.
هه‌گبه‌ى گهشتنامهى ئه‌مساڵى ئێمه‌ش بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و هه‌ندێك شوێنی دیكە له وڵاتى ئێران، چیرۆكى گه‌شتێكى چه‌ندین ڕۆژییه، كه تێیدا توانیمان له‌نزیكه‌وه سه‌ردانى چه‌ندین شوێنى دیرۆكی و گه‌شتیاری بكه‌ین، كه هه‌وڵ ده‌ده‌م به شێوه‌ى زنجیره پێشكه‌شى خوێنه‌رانى ئازیزى بكه‌م.
ئه‌مجاره باس له دوو شوێنى گرنگ ده‌كه‌م، كه له مێژووى كۆن و هاوچه‌رخدا په‌یوه‌ندییان به چاره‌نووس و داهاتووى گه‌لى كوردەوە هه‌بووه، ئه‌وانیش (مه‌یدانى شه‌ڕى چاڵدێران) و (ڕووبارى ئاراس)ه له وڵاتى ئێران.
وێستگه‌ى یه‌كه‌م - چاڵدێران (چاڵدران)
كاتێك له تابلۆى سه‌ر شهقامهكانى شارى (خووى) ناوى چاڵدێرانم ده‌بینى، هه‌ر له خۆمه‌وه هه‌ستێكى نامۆ له ناخ و هزرمدا دروست ده‌بوو، نازانم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م جارم بوو ئه‌و جێگایه ببینم، یان ئه‌وه‌ى ناوبانگ و كاریگه‌ریى ئه‌و جه‌نگه گه‌وره‌یه‌ى له ڕۆژگارى خۆیدا له‌م شوێنه ڕووی داوه، چه‌نده په‌یوه‌ندیى به ئێمه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورده‌وه هه‌یه.
ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و هۆكارانه بێت، یان هه‌موویان پێكه‌وه بن، ئه‌وا ڕۆیشتنمان بۆ ئه‌و ناوچه مێژووییه هه‌ستێكى تایبه‌تى له لامان دروست كردبوو، ئاره‌زوومان ده‌كرد زووتر پێى بگه‌ین، هه‌رچه‌نده لە ڕێگه ماندوو بووین، كه ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ناو ئۆتۆمبێل به‌ناو ده‌شتوده‌ر و چیا و بانێكى دوور و درێژدا ده‌ڕۆیشتین، كه هه‌ر هه‌مووى بۆ ئێمه تازه و نه‌دیتراو بوو.
له سێڕیانێك لاماندا و له دوكانۆچكهیهك كه‌مێك ئاو و بسكویتمان كڕى، پرسیارى چاڵدێرانمان له خاوه‌ن دوكان كرد، گوتى ئه‌وه‌تا له‌پێشتانه، كاتژمێر سێى دواى نیوه‌ڕۆ بوو گه‌یشتینه ناو شاره‌كه، له‌به‌رده‌م فولكه‌ى شاره‌وانیى چاڵدێران، چه‌ند وێنه‌یه‌كى یادگارییمان چركاند، ئینجا له مۆتۆرسوارێك شوێنه‌وارى شه‌ڕى چاڵدێرانمان پرسی، ئه‌ویش به ده‌ست ڕێنمایی كردین و گوتى خۆم دێم له‌گه‌ڵتان، به‌ڵام كه شوێنه‌كه‌مان زانى، ئیتر هه‌ر خۆمان ڕۆیشتین و ئه‌زیه‌تى ئه‌ومان نه‌دا.
مه‌یدانى شه‌ڕى چاڵدێران
وه‌ك شوێنه‌وارێكى مێژوویی به‌ناوبانگ، به دووریى پێنج كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى چاڵدێران هه‌ڵكه‌وتووه. ئه‌و ڕۆژه‌ى ئێمه سه‌ردانى چاڵدێرانمان كرد 17/9/2024 بوو، كاتێك سه‌یرى ڕۆژژمێرم كرد (510 ساڵ و 1 مانگ و 6 ڕۆژ) تێپه‌ڕیبوو به‌سه‌ر شه‌ڕى به‌ناوبانگى چاڵدێران، كه له 23/8/1514 ڕووی دابوو.
كاتێ به‌ره‌و جێمهیدانى ئه‌و شه‌ڕه ده‌ڕۆیشتین، له‌دووره‌وه حه‌وش و سهرایهكى گه‌وره‌ى له خشتى سوور دروستكراومان له دامێن چیایه‌كى سه‌ر به هه‌ور ده‌بینى، ئه‌وه گۆڕستانى (سه‌ید سه‌دره‌دین- مقبره سید صدرالدین) وه‌زیرى ئه‌عزه‌مى شا ئیسماعیلى سه‌فه‌وى بوو. كاتێك گه‌یشتین و چووینه ژووره‌وه، بینیمان له ناوه‌ڕاستی ئه‌و گۆڕستانه‌دا مۆنۆمێنتێك له شێوه‌ى مه‌زارگه‌یه‌كى گومبه‌ز به‌رز دروست كراوه و قه‌برى (سه‌ید سه‌دره‌دین) و قهبرێكى دیكه‌ى له‌ناودایه. له ناوه‌ڕاستى حهوشهكهشدا په‌یكه‌رێكى بڵندى ڕه‌نگ بڕۆنزیى سه‌ید سه‌دره‌دین داندراوه. له‌ده‌ره‌وه‌ى حه‌وشه‌كه و له دهشتاییهكهى ته‌نیشتى لاى سه‌ره‌وه‌ى دامێن شاخه‌كه، شوێنه‌وارى مه‌یدانى شه‌ڕى چاڵدێران هه‌یه و به پهرژینێكى ئاسنین ده‌وره دراوه، له‌ناویدا شوێنه‌وارى چه‌ندین گۆڕى كۆن و كێلهقهبرى جیاواز هه‌یه، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وانه گۆڕى سه‌ربازانى كوژراوى ئه‌و شه‌ڕه بوون.
هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیایی
چاڵدێران ده‌كه‌وێته به‌شى باكوورى ڕۆژئاواى پارێزگاى ئازه‌ربایجانى ڕۆژئاوا له وڵاتى ئێران، هاوسنووره له‌گه‌ڵ شارى بایەزیدى توركیا. ڕووبه‌رێكى فراوانى زه‌ویوزارى هه‌یه، به‌هۆى سروشته جوانه‌كه‌ى، به شوێنێكى گه‌شتیاریى خۆش ئه‌ژمار ده‌كرێت، ده‌توانى به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كانى وه‌ك هه‌نگوینى سروشتى و شیره‌مه‌نییه‌كان و به‌رهه‌مه دهستییهكانى ڕستن و چنین له‌و شار و ناوچه‌یه بكڕیت. نزیكه‌ى كاتژمێرێك به وێنه‌گرتن و سه‌یركردنى دیمه‌نه‌كانى ماینه‌وه، ده‌مه‌و عه‌سر ماڵئاواییمان له چاڵدێران كرد.
كورد و جه‌نگى چاڵدێران
جه‌نگى چاڵدێران، له 23/8/1514ز له ده‌شتى چاڵدێران له‌نێوان سوپاكانى شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وى ئێرانى و سوڵتان سه‌لیمى عوسمانییه‌كان ڕووی دا و به سه‌ركه‌وتنى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى ئیمبراتۆریه‌تى عوسمانى كۆتایی هات. له ئه‌نجامى ئه‌و شه‌ڕه‌دا، كه مه‌یدانه‌كه‌ى خاكى كوردستان بوو، ده‌وڵه‌تى عوسمانى ناوچه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ و باكوورى عێراق (باشوورى كوردستان) و شارى دیاربه‌كر و ده‌ریاچه‌ى وانى له ده‌ستى سه‌فه‌وییه‌كان ده‌رهێنا و لكاندنى به خاكى خۆیه‌وه.
ئه‌م جه‌نگه درێژكراوه‌ى چه‌ندین ساڵ شه‌ڕى وێرانكه‌ر بوو، كه خاكى كوردستانى دابه‌ش كرد بۆ دوو به‌ش. دواى زاڵبوونى سوڵتان مورادى چواره‌م به‌سه‌ر شا سهیفهدینى یه‌كه‌م، ساڵى 1639ز، له شارۆچكه‌ى زه‌هاو (په‌یمانى زه‌هاو)ى پێ ئیمزا كرد، كه پێشتر سوڵتان سه‌لیمى یه‌كه‌م له ساڵى 1555ز به گوێره‌ى (په‌یماننامه‌ى ئاماسیا) به‌سه‌ر (شا ته‌هماسب)ى یه‌كه‌مدا سه‌پاندبووى. به‌پێى په‌یمانى زه‌هاو، سێ له‌سه‌ر چوارى خاكى كوردستان كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتى عوسمانییه‌كان و یه‌ك به‌شیشی بۆ ئێران مایه‌وه.
وێستگه‌ى دووه‌م - ڕووبارى ئاراس 18/9/2024
ڕووبارى ئاراس
هه‌ستم ده‌كرد لێخوڕینى ئه‌م قۆناغه‌ى گه‌شته‌كه‌مان خۆشتره و سووكانى ئۆتۆمبێله‌كه له‌ناو ده‌سته‌كانم شل و نه‌رمتر بوو، كاتێك ڕێگه‌ى نێوان ماكۆ تا ئاراسمان ده‌بڕى و به تخووبى ناوچه پان و بهرینهكهى (پول ده‌شت) تێپه‌ڕ ده‌بووین، هه‌ستم به ئارامى و جۆش و خرۆشێكی تایبه‌ت ده‌كرد، كه به‌ره‌و به‌دیهێنانى یه‌كێك له خولیا و ئاواته‌كان هه‌نگاو ده‌نێم. ئێمه په‌له‌مان بوو زووتر بگه‌ین، ئه‌وه‌بوو له سێڕایهكى جاده‌ى سه‌ره‌كی به ده‌ستى چه‌پ لاماندا، به تێپه‌ڕبوونمان به ناو شارۆچكه‌یه‌ك و نزیكبوونه‌وه‌مان له پێنج كیلۆمه‌ترى ڕووباره‌كه، له‌سه‌ر تابلۆیه‌ك به دوو زمان نووسرابوو (سد ارس sad aras)، دیار بوو خه‌ڵكانێك پێیان خۆش نه‌بووه وا بنووسرێ و به بۆیه‌ى سپى خه‌تیان به‌سه‌ردا هێنابوو، كردبوویان به (اراز).
ڕێكه‌وتێكى ده‌گمه‌ن
كاتێك ئێمه له ڕۆژى 18ى9ى2024 كاتژمێر 45 و4 ئێواره گه‌یشتینه سه‌ر ڕووبارى ئاراس، ڕێكه‌وتێكى گرنگ بوو، چونكه بهروارهكهى هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ڕۆژى په‌ڕینه‌وه‌ى بارزانیى نه‌مر و هه‌ڤاڵانى له ڕووبارى ئاراس به‌ره‌و یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى جاران له 18/6/1947 ئه‌مه‌ش هه‌ستێكى زۆر پیرۆز و خۆشى پێمان به‌خشى، هاوكات شانازییه‌كى گه‌وره بوو، كه توانیومانه دواى 77 ساڵ و له وه‌ها ڕۆژێكدا بێینه ئه‌و شوێنه‌ى كه كۆمه‌ڵێك له جه‌نگاوه‌رانى ئازاى گه‌له‌كه‌مان، سه‌ربه‌رزانه كۆتاییان به داستانێكى شۆڕشگێڕیى مه‌زن هێنا. دیاره به هیچ كلۆجێك ئه‌و دوو به‌رواره جێى به‌راوردكردن نین، مه‌به‌ستى ئێمه‌ش نیه، به‌ڵام ڕێكه‌وته‌كان وابوون، ئێمه له‌و ڕۆژه‌دا به ئه‌وینه‌وه و بۆ یادى تێكۆشه‌ره‌كانمان چووینه ئه‌و جێگه‌یه، كه بارزانیى نه‌مر و هه‌ڤاڵه شۆڕشگێڕهكانى ئازایانه و له دۆخێكى شه‌ڕ و ته‌نگاویدا، 500 كم ئه‌و ڕێگه دوور و درێژه‌یان بڕى و سه‌ركه‌وتن.
چوومه ناو ڕووبارى ئاراس
به ئه‌سپایی له لێوارێكییهوه پێیه‌كانم برده ناو ڕووباره‌كه، چه‌ند هه‌نگاوێك چوومه پێشتر، ئه‌وسا قووڵتر ده‌ستم بۆ ناو ئاوه‌كه شۆڕ كرده‌وه، چه‌ند جارێك پڕ به ده‌سته‌كانم سه‌ر و چاوم به ئاوى ئاراس ئاوپڕژێن كرد، هه‌ستم به شادمانی و ئاسوودهییهكى قووڵ ده‌كرد، به‌وردى له ده‌وروبه‌رى خۆمم ده‌ڕوانى، سه‌رنجم خستبووه سه‌ر دیمه‌نه‌كانى ئه‌و شوێنه، له‌گه‌ڵ نه‌رمه جووڵه‌ى شه‌پۆله‌كان و بریسكانهوهى تیشكى خۆر و فڕین و سه‌ماى نه‌وڕه‌سه‌كان له پانتایی ئاسمانى شین‌دا، دڵگه‌رمانه سوپاسگوزارى یه‌زدانم كرد، كه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى پێ به‌خشیم، دواى تێپه‌ڕبوونى سێ چاره‌كە سه‌ده به‌سه‌ر داستانى مێژوویی په‌ڕینه‌وه‌ى ئاراس، منیش وه‌ك كوڕه شه‌هیدێكى كوردستان، خۆم له‌و شوێنه پیرۆز و دیرۆكییه ده‌بینم، هاوكات نزاى نه‌مرى و خێرم بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان و جه‌نگاوه‌رانى ڕێڕه‌وى مێژوویی بارزانى و هه‌ڤاڵانى و سه‌ركه‌وتنى كورد و كوردستان كرد.
ناوبانگى ئاراس
وه‌ك ئه‌وه‌ى سروشتى ڕووداوه‌كان لاپه‌ڕه‌یه‌كى پڕشنگدارى به دڵۆپه ئاوى ئه‌و ڕووباره بۆ گه‌لى كورد تۆمار كردبێت، به‌م جۆره ناوى ئاراس وه‌ك هێماى قاره‌مانی و شۆڕشگێڕی و ئازایه‌تی، به ناونیشانێكى مه‌زن هاته ناو دیرۆك و فه‌رهه‌نگى كوردی، هاوكات ئاراس بوو به ناوى هه‌زاران ڕۆڵه‌ى كورد، به هه‌مان شێوه، بووه به هه‌وێنى ده‌یان به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى و هونه‌ری له شیعر و ڕۆمان و شانۆنامه و لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى، پیره‌مێردى شاعیر له باسى داستانى ئاراسدا فه‌رموویه‌تى:
"عه‌شره‌ت هاواره عه‌شره‌ت هاواره كه‌وتوومه ئاراس ئاو بێ بواره ڕێم نییه منیش، شوێن ئه‌وان كه‌وم پیرم، هه‌نگاو بنێم، ئه‌كه‌وم"
چونكه ئاراس ڕووبارێكى گرنگه و هاوبه‌شه له پێكهاته‌ى جوگرافیا و مێژووى چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ى ناوچه‌كه و هه‌زاران نهێنى و چیرۆكى كۆن و نوێى له ناخى خۆیدا هه‌ڵگرتووه، له‌وما شاعیرانى ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ى ئاراس له ئامێزى خاكهكهیاندایه، ئه‌وانیش پێى شاد و سه‌رسامن و بۆیان بووه به سه‌رچاوه‌ى ئه‌فراندنى ده‌قه ئه‌ده‌بی و شیعرییه جوانه‌كانیان، لێره‌دا نموونه‌ى هۆنراوه‌ى چه‌ند شاعیرێكى ئێران وه‌رده‌گرین و هه‌ر به زاراوه‌ى خۆیان به فارسى ده‌یخه‌ینه‌وه پێش چاو:
ارس را در بیابان جوش باشد - چو در دریا رسد خاموش باشد (نظامى)
اى صبا گر بگذرى برساحل رود ارس - بوسه زن بر خاك آن وادى و مشگین كن نفس (حافظ)
رود (آجى) و (ارس) چون رود نیل باستان- خواستار از آدمى قربان در آذربایجان (شهریار)
ز دجله تا لب جیحون زطوس تا به ارس - زبارس تا در شوشى ز رشت تا ششتر (قائانى)
گشتیم به یك روز، همه دشت مغان را - رود ارس و دامن كوه سبلان را (دكتر محمود افشار)
اى صبا گر بگذرى بر ساحل رود ارس - بوسهاى بستان به یاد من از آن سیمین زمن (دكتر محمود افشار)
خوشا خاك تبریز مشكین نفس - خوشا ساحل سبز رود ارس (ملكالشعراى بهار)
ئاراس، ڕووبارى چوار وڵات
ئه‌م ڕووباره ده‌كه‌وێته ناو خاكى هه‌ریه‌ك له وڵاته‌كانى توركیا و ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان و ئێران، له‌به‌رئه‌وه له هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه به جۆرێك ناوى ده‌هێنن، له زمانى ئه‌رمه‌نى پێى ده‌گوترێت (ئاراكس)، له یۆنانى (ئاراكسس)، له توركى و فارسى و كوردى پێى ده‌گوترێت (ئاراس)، له ئازربایجان پێى ده‌ڵێن (ئاراز)، هاوكات به درێژترین ڕووبارى قه‌فقازیا داده‌نرێت كه درێژییه‌كه‌ى 1072كم و ڕووبه‌رى حه‌وزه‌كه‌ى نزیكه‌ى 102،000كم چوارگۆشه‌یه. سه‌رچاوه‌ى ئاراس له ئهرزهڕۆمى توركیاوه‌یه. https://ar.wikipedia.org/wiki/
ماڵئاوایی له ئاراس
كات به‌شى مانه‌وه‌ى زیاترى نه‌ده‌كردین، بوارى ئه‌وه‌ش نه‌بوو شه‌و له‌و شوێنه وه‌مێنین و ده‌بوایه بڕۆین، به‌ر له جێهێشتنى، وێنه‌ى زۆرمان له‌گه‌ڵ ئاراس و دیمه‌نه جوانه‌كانیدا گرت، ئینجا ماڵئاواییمان له باڵنده و دار و درهختهكانى كرد، ملى ڕێگه‌یه‌كى دوور و درێژى ناو چیاى پڕ هه‌وراز و نشێو و پێچاوپێچمان گرت به‌ره‌و شارى (جوڵفا). ئه‌وه‌ى مایه‌ى خۆشحاڵیمان بوو، به درێژایی ئه‌و ڕێگه‌یه، ڕووبارى ئاراس وه‌ك دهمارێكى پڕ له خوێنى سپى كهف و كوڵى ده‌كرد و درێژ ده‌بووەوه و هه‌ر له‌گه‌ڵمان بوو، تا ئه‌وه‌ى گه‌یشتینه شارى جوڵفا، له‌وێش ئاراس هه‌بوو، بۆیه به ئارامى و خۆشییه‌وه شه‌و له هوتێل (ئاڵتوون ئاراس) خه‌وتین و ڕۆژمان كرده‌وه.