ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی سووریا راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە.
هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قووڵ بکاتەوە.
هەروەها ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت.
مسعود بارزانی
7ی کانوونی یەکەمی 2024