دھۆک-KDP.info- لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێی دانا، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، ئەو بەشانەی زۆر پێویستن وەک دوکانی سەوزە و میوە و عەلافەکان، تەواو بوون و پێش کۆتایی ئەمساڵ دەکرێنەوە.
د. ھەڤاڵ سدیق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ دانرا و کارەکانی زۆر بە خێرایی بەڕێوە چوون، ئێستاش بەشە گرنگەکانی عەلوە تەواو بوونە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ بکرێنەوە، کە دوکانەکانی فرۆشتنی بەرھەمی ناوخۆ و عەلافەکان بەشی گرنگی عەلوەکەن دەکرێنەوە و بەشەکانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە و ھەر بەشێک تەواو بێت، ئەویش دەکرێتەوە، بێگومان عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێش، دەبێتە بازاڕێکی زۆر باش بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ لە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان.
سدیق گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ سنوورەکە و یەکێکە لە عەلوە گەورەکان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە بەرھەمی کشتوکاڵی، بۆیە بە تەواوبوونی، سوودێکی زۆر باشی بۆ ناوچەکە دەبێت و بەرھەمی ناوچەکە ساخ دەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە قەزای ئاکرێ لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بە گوژمەی ٢٢ ملیۆن دۆلار دانرا.
پڕۆژەکە پێکدێت لە ٤ شوێنی عەلوەی میوە و سەوزە و شوێنی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، ٢٧ کۆگای نۆرماڵ و ١٦ عەلوەی وشک، گۆڕەپانی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی میوە و ٤٠ شوێنی عەلاف و کۆگای ساردکەرەوە و شوێنی بەرگریی شارستانی، ٢ قەپان و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە، نەمامگە و سەوزایی و باخچە، شەقام و شوێنی پیادە و ناوچەی کراوە.
بڵند ئیبراھیم