سلێمانی-KDP.info- چالاکوانێکی مافەکانی ئافرەتان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەى سەرۆکى حکوومەت مەسروور بارزانى، دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى کوشتن و ئازاردانى ژنان لەسەر شەرەف. دەشڵێ، پێویستە هیچ حزب و بەرپرسێک داڵدەى بکوژانى ژن نەدەن.
ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و چالاکوانى مافەکانى ئافرەتان، تایبەت بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: بڕیارى سەرۆکوەزیرانى کوردستان مەسروور بارزانى، بە بێبەشکردنى ئەو کەسانەى بە تاوانى کوشتنى ژن سزا دەدرێن لە لێبووردنى گشتى، بڕیارێکى زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە هیچ حزب و لایەنێک ئەو کەسانە نەگرێتە خۆى لە کاتى ئەنجامدانى تاواندا.
شێخ دلێر دەشڵێ: ئێمە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران، وەزیرى ناوخۆ ڕاسپێرێت بەڕێوەبەرایەتییەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى بەهێز بکات، هەروەها وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بارودۆخی شەڵتەرەکان باشتر بکات و یاسای تایبەتیان بۆ دەربکرێت، گرنگترین کاریش ئەوەیە، کاتێک ژن ڕووبەڕووى کێشە دەبێتەوە، پۆلیس لە کاتى خۆیدا بکوژ و ئەوانەشى توندوتیژییەکەیان کردووە، ڕاپێچى بەردەم دادگایان بکات و سزا بدرێن.
ناوبراو ڕوونیشی دەکاتەوە: بڕیارەکەى سەرۆکى حکوومەت زۆر گرنگە و دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى توندوتیژى و کوشتنى ژنان لەسەر شەرەف، لە ساڵى ٢٠٠٨ دەستکەوتنى باشمان لەبارەى پرسی ژنەوە بەدەست هێناوە و داواى کارى زیاتر دەکەین.
ئاماژەش دەدات: جەختکردنەوەى سەرۆکوەزیران لەسەر نەگرتنەوەى لێبووردنى گشتى بۆ بکوژانى ژنان، پابەندبوون دەخاتەوە ئەستۆی هەموو وەزارەتەکان، کە بۆ ناو خودى پارتى دیموکراتى کوردستانیش، قەزیەى ژن قەزیەیەکە گرنگیى پێ دراوە، بۆیە چاومان لەوەیە کابینەى نوێی حکوومەت و پەرلەمان، گرنگیى تایبەت بە پرسى ژن بدەن.
عەزیز ڕەسووڵ