جوان یونس ڕۆژبەیانی
کۆڕبەندی مێپس2024، یەکێکە لە باشترین سەکۆکانی گفتوگۆی خاوەن بڕیارەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، ساڵانە لەم کۆڕبەندەدا تازەترین دیدگهکان و بەهێزترین تێڕوانینەکان و بەپێزترین بۆچوونەکان دەخرێنە ڕوو، لەم کۆڕبەندەدا هەندێك لە بەشداربووان بەشێکن لەو کەسایەتییانەی کە خاوەنی بڕیاری سیاسین، یان هاوبەش و بەشدارن لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە ناوچەکەدا، بەشداری ئەم کەسایەتییانە، هۆکار و ئامرازه بۆ تێگەیشتنی زیاتر و بەرچاوڕوونی فراوانتر لە بەرەوپێشچوونی سیاسی و شیکردنەوەی ئەگەرەکان و دەرخستنی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا.
مێپس، سەکۆیەکی هەمەلایەنە بۆ تێڕوانینی سیاسی، ئابووری و گەشەی مرۆیی بە شێوەی ئەکادیمی و پراکتیکی.
ئەوەی لەم کۆڕبەندەدا دەگوترێت، هەمان ئەو بۆچوون و تێڕوانینانەن کە لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا دەگوترێن و سەرمایەگوزاری لەسەر داتا و زانیارییەکانی قسەکەرەکان دەکرێت.
ئەم کۆڕبەندە چاوێکی تیژی کوردستانی، عێراقی، ناوچەیی و جیهانی لەسەرە، ساڵ دوای ساڵیش ئاستی بەشداربوون فراوانتر و هەمەجۆرتر دەبن.
مەبەستی ئەم کۆڕبەندە ئەوەیە هێڵە گشتییەکانی ئاراستەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ناوچەکە و جیهان تاوتوێ بکات و چارەسەری هەمەلایەنە بدۆزرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی مەترسییەکان و قەتیسکردنی گوشارەکان.
هەرێمی کوردستانیش وەک چۆن بەشێکی گرنگی هاوکێشەی سیاسی عێراق و ناوچەکەیە، لە هەمان کاتدا لە جوگرافیایەکی تەواو ئاڵۆزدایە کە دەوروبەرمان تەنراوە بە شەڕ و نائارامی، مەبەست و ئامانج ئەوەیە خۆمان بپارێزین لە مەترسییەکان و بەشێک نەبین لە هاوسەنگی و لاسەنگی.
مێپس2024، سەکۆیەک و دەرفەتێکی بەهێزە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە دوور بگرین لە ناڕوونییەکان و خۆڕاگرانە بەردەوامی بدەین بە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون بەرەو ئامانج و سەرکەوتن.
جیهان لە ئێستادا بە ئاڵۆزی گەورەدا گوزەر دەکات و ڕۆژ دوای ڕۆژ ناوچە بە ناوچە زیاتر تێوە دەگلێن لە ئاڵۆزییەکان و هەندێک وڵاتی گەورەش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شەڕدان و زۆرینەشییان کەوتوونەتە ناو ئاڵۆزییەکانەوە، ئەوەی بە حیکمەتی سیاسی و هاوسەنگی ژیرانە خۆی ڕاگرتووە تا ئێستا هەرێمی کوردستانە، کە بە یەکمەودا و یەکئاست لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا مامەڵە دەکات و نەبووهتە بەشێک لە دژی بەشێکی دیكه، ئەم حیکمەتەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک بارزانی، کە ئایندەبینییەکی واقعییانەی هەیە بۆ کوردستان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە مەترسیییەکان.