خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت، لە سنووری دیالە لەبەر ئەوەی کورد زۆر نیشتیمانپەروەرن و رۆحیەتی کوردایەتییان تێدا بەرزە، ماوەی چەند ڕۆژە بەردەوام دەگەڕێنەوە و ژمارەیەکی زۆریش گەڕاونەتەوە، دەشڵێ: ئێمە ھاوکار و پاڵپشتیانین و دەمانەوێت جارێکی دیکە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دووپات بکەینەوە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ھەڵمەتێکی ھۆشیاریی فراوانمان ئەنجام دا، سوپاسی خەڵکی دیالە بە گشتی و خانەقین بە تایبەتی دەکەین، کە ژمارەیەکی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بەغداشەوە گەڕاونەتەوە و شەو تا درەنگیش ھەر دەگەڕانەوە.
حەیدەر گوتیشی: لە سنووری دیالە بە گشتی ھەموو لایەنەکان ھاوکارن و ئەوەی ماڵوحاڵی خۆی ھەبێت، لە ماڵ دەبێت و ئەوانەی دیکەش لە ماڵی خزم و کادیران و بەرپرسان و لایەنگرانی پارتی دەبن، کە ھەموویان بۆ خەڵک دەرگایان کراوەیە و تاوەکو ئێستاش یەک ھاووڵاتی گرفتی شوێنی مانەوەی نەبووە و پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، ئێمەش بەردەوام لەسەر ھێڵین ھەر ھاووڵاتییەک گرفتی ھەبێت، ئامادەین ھاوکارییان بکەین.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: یەک گرفت ھەیە لەو ئایپادانەی ناو و زانیاری تۆمار دەکرێت، فۆنتی کوردی تێدا نییە و ناوی کوردیش پێویستی بەوەیە فۆنتی کوردیی تێدا بێت، بۆیە داوامان کردووە بە زووترین کات فۆنتی کوردییان بۆ داخڵ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت، چونکە کورد زۆرینەی ناوی کوردییە و پێویستە ناوەکانیان بە کوردی تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی گرفت بۆ ناوەکانیان دروست نەبێت.
بەرپرسی لقی ۱٥ی پارتی باسی لەوەش کرد: ئەوەی ئێمە تێبینیمان کرد، خەڵک زۆر بە گوڕوتینەوە بەشداری لە پڕۆسەی سەرژمێریدا دەکات و ھەمووان سوورن لەسەر ئەوەی بێن لە خانەقین و مەندەلی و جەبارە و قەرەتەپە و ناوچەکانی دیکە، کە شوێنی ڕەسەنی خۆیانە، سەرژمێری بکەن، بۆ ئەوەی گرفت بۆ داھاتووی کورد لەو ناوچانە دروست نەبێت، بۆیە خەڵکێکی زۆر گەڕاوەتەوە و ئێمەش تا پڕۆسەکە تەواو دەبێت، ھاوکار و پاڵپشت دەبین و لایەنەکانی دیکەش ھاوشێوەی ئێمە ھاوکارن و ھەمووان ھاوڕاین، کە پێویستە پڕۆسەکە سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت و بیسەلمێنین ئەو ناوچانە کوردستانی بوونە و ھەر بە کوردستانیش دەمێننەوە.
بڵند ئیبراھیم