شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال ڕایگەیاند، بە ھۆی ئەو ھاوکاری و ئاسانکارییەی بۆ ئاوارەکان کراوە، خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و ئەوەی گرفتیشی ھەبێت، لە کەمپەکان و ھەرێمی کوردستان خۆی تۆمار دەکات، بۆیە خەڵکی شنگال رۆحیەتێکی بەرزی کوردایەتییان تێدایە و دەیانەوێت بە بەشداریکردن لە سەرژمێری، جارێکی دیکە بیسەلمێنن شنگال ھەمیشە کوردستانییە.
نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: پرۆسەی سەرژمێری لە سنووری ئێمە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و خەڵکی ئێمە لە سنووری رۆژئاوای دیجلە و شنگال باش ھۆشیار کراونەتەوە کە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، کە لە رۆژئاوای دیجلە ٣٥ ھەزار ئاوارە ھەن، ئەوانەی گرفتی ئەمنییان نییە گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و لەوێ سەرژمێری دەکەن، ئەوانەی دیکەش کە لە کەمپەکان و لە ھەرێمی کوردستانن، لەوێ بەشداری لە سەرژمێری دەکەن.
هەرکی گوتیشی: ئێمە ئاسانکاری و ھاوکاریی تەواوی ھەمووانمان کردووە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و تا رادەیەکی باش خەڵک گەڕاوەتەوە، ئەوانەی نەشگەڕاونەتەوە باس لەوە دەکەن، کە بە ھۆی پرسی ئەمنییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ئەوانەی گەڕاونەتەوە، ھاوکاری و ئاسانکاریی زۆر باشیان بۆ کراوە و لەوێش شوێنیان بۆ دابین کراوە و پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت، سەرەتاش کردنەوەی سیستم گرفتی ھەبوو، کە ئەویش چارەسەر کراوە و ئێستا تیمەکان کاری خۆیان دەکەن و پرۆسەکە زۆر باش و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت، چونکە خەڵک زۆر گەرموگوڕە و رۆحیەتێکی بەرزی کوردایەتییان تێدایە و دەیانەوێت جارێکی دیکە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن، چونکە ئەمانە ھەمووی بە ھۆی کوردبوونەوە ئەو تەعەدایەیان لێ کراوە و تاوەکو ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
دەشڵێ: شنگالییەکان دەیانەوێت بە بەشدارییەکی کارا، بیسەلمێنن شنگال و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان، هەمیشە بە کوردستانی دەمێننەوە.
بڵند ئیبراھیم