هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و باڵوێزی پۆڵەندا لە عێراق كۆ بوونەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 18/11/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارجن کۆبیاک، باڵوێزی پۆڵەندا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵوێزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
باڵوێزی پۆڵەندا پێزانینی بۆ هاریکاریی و هاوئاهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.