ھەولێر-KDP.info- یەکشەممە، 17ـی تشرینی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی لەبارەی تەقینەوەکەی خورماتوو و شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق بڵاو کردەوە.
سەرۆک وەزیران لە پرسەنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری (عەقید روکن سامان سابیر سلێمان فەرماندەی فەوجی لیوای یەکی هاوبەش و عەقید محەمەد ڕەزا کەریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی نۆی زرێپۆشی سوپای عێراق و ن.ض شەریف ئەحمەد محەمەدەمین) دەکەم، کە بە داخەوە، ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو شەهید بوون."
مەسروور بارزانی هیواش دەخوازێت "خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان ببەخشێت. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."
سەرۆک وەزیران جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و کێشە ئەمنییەکان و چەسپاندیی ئارامیی و سەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" دەکاتەوە.