کەرکووک-KDP.info- پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەڵێت، زۆر گرنگ و پێویستە خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکان لە ڕۆژی سەرژمێری گشتی لە زێدی باب و باپیرانی خۆیان ئامادەبن، پێشی وایە، ئەوەی ئامادە نەبێت بە کەرکووکی ھەژمار ناکرێت، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری باشی کردووە بۆ گەڕانەوەیان.
عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە سەرژمێری لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و بەتایبەت لە کەرکووک دەڵێت: پڕۆسەی سەرژمێری چارەنووسازە و زۆر گرنگە، دیارە ھەموو دەزانین ماوەیەکی زۆرە سەرژمێری لە عێراق نەکراوە، ئەوانەی لە ساڵی ١٩٥٧ لەزۆر شت بێبەشبوونە لە ڕێگەی ئەم سەرژمێریەوە دەتوانن مافەکانیان بەدەست بێنن و كورد بوون و کەرکووکی بوونی خۆیان بسەلمێنن.
پەیوەست بە گەڕانەوەشیان بۆ کەرکووک، پارێزگاری پێشووی دەڵێ: ئەوەی لێرە نەبێت بڕواناکەم بە کەرکووکی دانرێت و بێبەش دەبێت لە ھەموو ئیمتیازاتێکی لە کەرکووک ھەبێت، بۆیە زۆر گرنگە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و لەدواڕۆژ بێبەش نەبن لە کەرکووکی بوونی خۆیان، بۆیە پێم باشە بێن لە ھەر شوێنێک بن بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و دوو ڕۆژ بمێننەوە، ئەگەرنا زەرەرمەندی یەکەم خۆیان دەبن، چونکە کارێکی ھێندە قورس نیە و ئاسانە گەڕانەوەیان.
عەبدولڕەحمان مستەفا جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنەکانیش ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خەڵک بکەن، دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری باشی کردووە و ئەم ڕۆژانەی کردووە بەپشوو بۆیان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی خۆیان، چونکە ململانێ و کێشەی زۆر لەسەر کەرکووک ھەیە و تا ئێستا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە و بوونیان لە کەرکووک زۆر پێویستە، ھیچ نەبێت ئەو گۆڕانکاریەی لە کەرکووک کراوە ڕاست بکرێتەوە و ڕێگە نەدرێت بەسەر کورد بڕوات، بۆیە داوا لە ھەموو کوردێکی کەرکووک دەکەین بۆ پڕۆسەی سەرژمێری بگەڕێنەوە و لە پڕۆسەی سەرژمێری ئامادەبن.
بڵند ئیبراھیم