ھەولێر-KDP.info- به‌شێك له وه‌زیره‌كانی تازه‌ی ئیداره‌ی دۆناڵد ترەمپ، پیش‌تر هاتوونه‌ته كوردستان، شاره‌زایه‌كی بواری سیاسەتی ئه‌مریكاش دەڵێت "ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه وه‌زیری تازه‌ی ئه‌مریكا كه‌سانی پشتیوانی سه‌رسه‌ختی كاره‌كانی تره‌مپن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەریکا، سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستنیشان کردووە، وەزیرە نوێیەکەی دەرەوەی ئەریکا دۆستی کوردە و ساڵی 2016 لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆبووەتەوە، ئەو سیناتۆرە لە فلۆریدا لەدایک بووە، یەکەم لاتینییە پۆستێکی باڵای دیپلۆماسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەریکا وەردەگرێت.
مەسروور بارزانی ساڵی 2016 لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕوبیۆ، باسی لەوە کرد "گفتوگۆیەکی باش"ـیان هەبووە و باسیان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان – ئەمریکا، شەڕی داعش و ئازادکردنی مووسڵ کردووە".
ئەو سیناتۆرەی کۆمارییەکان، بە درێژایی شەڕی داعش پشتیوانێکی هێزەکانی پێشمەرگە بوو و بەردەوام داوای لە ئیدارەی ئەو کاتی ئەمریکا دەکرد، هێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک بکات.
ڕوبیۆ، پێشتر چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە "دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی کورد ستراتیژمان هەبێت".
له‌م باره‌وه، كاروخ خۆشناو، شاره‌زا له ئه‌مریكاناسیی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارن له داهاتووی ئیداره‌ی ئه‌مریكا كه‌سانێکن پشتیوانی به‌هێز لە دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن و پشتگیری به‌هێزی كه‌سایه‌تی تره‌مپ ده‌كه‌ن، پابه‌ندن به بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك له‌وانه (سوزی وایڵز) كه سه‌رۆكی دیوانی كۆشكی سپی ده‌بێت، (ئیڵیز ستیفانیك) باڵیۆزی ئه‌مریكا ده‌بێت له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، (ستیڤن میله‌ر) جێگری سه‌رۆكی دیوان ده‌بێت له كۆشكی سپی و (مایك واڵتز) ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا ده‌بێت، (بیت هێگسیت) وه‌زیری به‌رگری ده‌بێت له پنتاگۆن، (ماركۆ ڕۆبیۆ) وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌بێت، (جۆن ڕاتكلیف) به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریه، (كریستی نویم) وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆ ده‌بێت و (مایك هاكابی) باڵیۆزی ئه‌مریكا ده‌بێت له ئیسرائیل.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: (ستیڤن ویتكۆف) نێردراوی ئه‌مریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دەبێت، (ویلیا‌م ماكخینلی) ڕاوێژكار ده‌بێت له كۆشكی سپی (ئیلۆن ماسك و فیفك ڕاماسوامی) سه‌رۆكایه‌تی و هاوسه‌رۆكی وه‌زاره‌تێك ده‌بن به‌ناوی وه‌زاره‌تی تواناكان له كۆشكی سپی كه پشتیوانی ڕه‌های تره‌مپیان كردووه له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیه تره‌مپیش پاداشتیان ده‌كاته‌وه، (مایك واڵتز) ڕاویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكایه، مایك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكایه، بۆیه هه‌ڵبژاردنی وه‌ك هۆشداریه‌كه به نه‌یارانی ئه‌مریكا، ماركۆ ڕۆبیۆ وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌گه‌ل مایكڵ واتس، پشتیوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن، گرووپه توندڕەوه‌كان له دژی ئه‌مریكا له ڕه‌گوڕیشه‌وه ده‌ربهێنن، (ماركۆ رۆبیۆ) له دژی ئه‌وه‌یە هێزه‌كانیان له سوریا و عێڕاق بكشێننه‌وه، (ستیڤن ویتكۆف) نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مریكایه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا پشتیوانی ڕه‌های تره‌مپه و دژی كۆچبه‌رانیشه.
ئه‌و شاره‌زایه بواری ئه‌مریكاناسی زیاتر له‌سه‌ر ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ قسه‌ی کرد: "هه‌ندێك كه‌سایه‌تی دیكه هه‌ن، وه‌ك (دیجه‌ی ڤانس) كه گه‌نجێكه تره‌مپ به جێگری خۆی دایناوه، پێشتر زۆر دژی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا بووه له شه‌ڕی عێراق و شه‌ڕی لیبیا، دژی ئه‌وه‌شه ئه‌مریكا هاوكاری ئۆكراینا بكات، پیش‌تر دژی تره‌مپیش بوو، كه‌سێكی توندڕه‌وی ناو كۆمارییه‌كانه، به‌ڵام دوایی كه زانی تره‌مپ ده‌بێته ئه‌مری واقع و ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت، هاته ڕیزی تره‌مپه‌وه و ترەمپ كردیه جێگری خۆی.
كاروخ خۆشناو دەڵێ: له‌ناو ئیداره‌ی تره‌مپ كه‌سانی پشتیوانی كورد هه‌نه، وه‌ك (ماركۆ ڕۆبیۆ) پیشنیار و كاندید كراوه بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كێكه له‌و 45 كۆنگرێسمانه‌ی لۆبیان هه‌یه و پشتیوانی كورد ده‌كه‌ن له ئه‌مریكا، ساڵی 2016 سه‌ردانی كوردستانی كردووه، ئه‌و كاته له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان كۆبووه‌تەوە، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه، ئه‌مه‌ش بۆ داهاتووی كوردستان باش دەبێت، به حوكمی ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه كوردستانیان بینوه.
ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سانه جێگیر بكرێن له پۆسته‌كانیان ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا پشتیوانیان بكات و ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر بدات.