لهندهن-KDP.info- دكتۆر خهسرەو ئاژگهیی، کارگێڕی لقی ٦ی ئەوروپا دەڵێ، جیهانی دیموكراتیهت و بهریتانیا، بایەخێكی زۆر گهورهیان به ههڵبژاردنی ههرێمی كوردستان دا و پێیان وایه ئهو ئاسته بهرزهی بهشداریكردنی خهڵك، شهرعیهتێكی مهزنه بۆ قهوارهی ههرێمی كوردستان و زۆربهی پهرلهمانتار و سیاسهتمهدارانی بهریتانیاش، كوردستان به سهرچاوهی ڕووناكیی دیموكراسیهت له ناوچهكەدا دهبینن.
دكتۆر خهسرەو ئاژگهیی، کارگێڕی لقی ٦ی ئەوروپا، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: جیهانی دیموکراتیخواز بە گشتی و بەریتانیا بە تایبەتی، بایەخێکی یەکجار گەورەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دا، چونکە بۆ ئەوان گرینگە کوردستان وەك هاوپەیمانێکی سەرەکییان لە عێراق و ناوچەکە، بە شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵکی هەرێمەوە، گەشە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لە دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان و بەشداریی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیش، کە لەم کات و ساتەدا زۆر بە کەمی لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردنەکانی جیهاندا دەبینرێت، پەرلەمان و حکوومەت و چاودێرانی سیاسی لە بەریتانیا بە گەرمییەوە پێشوازییان لێی کرد و بە دەسکەوتێکی گەورەی دیموکراسی و هەنگاوێك بەرەو ئاراستەی ڕاستییان ناوزەد کرد.
خهسرەو ئاژگهیی ههروهها گوتی: گرنگه كه كهسایهتییهكی وهك جانێت دابی وەزیری کاروباری پەروەردە لە حکوومەتی بەریتانیا، لە وەڵامی پرسیارێکی پەرلەمانتار (جۆن سیلینگەر) سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا (APPG) دەڵێت، ئەو هەڵبژاردنە و بەشداریی ئەو ڕێژە زۆرەی دەنگدەران، ڕۆڵی گرینگ لە نوێکردنەوەی شەرعیەتی دیموکراسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە لە رێگای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییە کوردستانییەکان، بەردەوام دەبن لە هاندانیان بۆ هەماهەنگیی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.
زۆربەی پەرلەمانتاران و سیاسەتوانانی ئەو وڵاتەش، کوردستان بە (سەرچاوەی رووناکیی دیموکراسیەت لە ناوچەکە) وەسف دەکەن، ئەو هەڵبژاردنەش جگە لەوەی کە پێگە یاساییەکەی هەرێم بەهێزتر دەکات، هاوکات ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە بەشداریی بەهێزی دەنگدەران بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٢٪ پەیامێکی بەهێز بوو بۆ جیهان، کە کورد پشتگیری لە نوێبوونەوەی شەرعیەتی دیموکراسیی هەرێم دەکەن و بڕوایان بە تەواوی بەها و بنەما دیموکراسییەکان هەیە.
دەشڵێ: ئەوەی کە چاوەڕوانکراوە لەلای بەریتانییەکان، ئەو پڕۆسە دیموکراسییە و شەرعیەتە تازەیە، ببێتە هۆکاری بوونی یەك پەرلەمانی بەهێز، پێکهێنانی حکوومەتێکی تازەی یەکگرتوو، هەرێمێکی بەهێزی یەکدەنگ و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پشمەرگە.
ئاژگهیی ڕوونیشی دەکاتەوە: بەر لە هەڵبژاردن زۆر قسە لێرە و لەوێ کرا، بەڵام ئەوەی بە لای بەریتانیا و جیهانی دیموکراتیخوازەوە گرینگ بوو، پرۆسەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و ئازاد و شەفافانە بەڕێوە چوو، کە دەبێت ببێتە بناغەی دووبارە دروستکردنەوەی کوردستانێکی بەهێزی گەشەسەندوو. هەروەها بتوانێت بە یەکدەنگی و بە بەهێزیی حکوومەتی داهاتوو، هەموو کێشە ناوخۆییەکان و ئەوانەشی لەگەڵ بەغدا هەن، چارەسەر بکەن. هاوکات شەرعیەتێکی تریش کە دەبێت ئاماژەی پێ بدەین، ئەو شەرعیەتەیە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەخشییە هەموو ئەو پرۆسە دیموکراسیانەی کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان سەرپەرشتیی کردبوو لە ساڵانی پێشوو، چونکە لەو هەڵبژاردنەدا دەرکەوت کەوا هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی کە لەلایەن هەندێك لایەنەوە بە تایبەت بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمسیۆنەکەی کوردستان دەکرا، هیچ بنەمایەکیان نییە و کۆمسیۆنەکەی کوردستانیش شەفافانە پرۆسەکەی بەڕێوە دەبرد و جارێکی تر ڕووی راستەقینەی هاوکێشەی سیاسی لە هەرێم لەو هەڵبژاردنەدا جەختی لەسەر کرایەوە.
سهلاح جهلال