ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
شوکر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و خەڵکی کوردستان توانیان لە کەشێکی ئازاد دا دەنگی خۆیان بدەن.
بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتنی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی کوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەروەھا سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەکەم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھێزە ئەمنیەکان بکەم کە پێکەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت. ھیوادارم ئەو ھەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی ھیوایەکی نوێ و قۆناغێکی تازە بەدی بھێنێت کە لە بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی کوردستاندا بێت.
مسعود بارزانی
٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤