د. سالار عوسمان
هەر کە باسی هەڵبژاردن دەکرێت، پێویستە سێ بابەت بەبیر خۆمان بهێنینەوە.
بابەتی یەکەم، ئەو وتارە مێژووییەی سەرۆک بارزانی-یە، کە ٢٢ی ئاداری ١٩٩١ لە شاری کۆیە پێشکەشی کرد، کە من لە زۆر شوێندا ناوم لێناوە: (یەکەمین مانیفێستی سیاسی سەبارەت بە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان)، کە لەوێوە بەردی بناغەی پڕۆسەی دیموکراسی، هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانرا و، ئیتر لە سایەیدا حوکمڕانیی شەرعیی هەرێمی کوردستان هاتە بەرهەم.
دووەم بابەت، دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی ئەم گەلەیە، کە بەردەوام بە جۆش و خرۆشەوە بانگەشە دەکەن، دەنگ دەدەن، شەرعیەت بە حکومڕانی دەبەخشن، کە دیارە زۆرترینیان دەنگ بە پارتی دەدەن، بەڵێ هەر لە یەکەم هەڵبژاردنەوە (١٩-٥-١٩٩٢ ) تا ئێستا (٢٠-١٠-٢٠٢٤) زۆرترین دەنگ بۆ پارتی ـ یە و، ئەم ڕاست هەڵبژاردنە بەردەوامیش دەبێت، بۆ؟ چونکە خەڵکی کوردستان دەزانن، کامە حزب هی ژیان و حکومڕانییە، کامانەیش ناژیانانە سیاسەت دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا بێ هیوایی و ڕەشبینی و ڕق دەخوڵقێنن، خەڵکی کوردستان وێنەکانیان لەبەرچاوە، بۆیە هەمیشە وێنە ڕاستەکە هەڵدەبژێرن، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بابەتی سێیەم، مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردستانە،
کە هەوێنە، کە هی ئەوەیە، بەردەوام بە ئیفتیخارەوە ئاوڕی لێ بدەینەوە و هێز و شیان، بزاڤ و ڤیانی لێ وەرگرین، کە ئەمەشیان زۆرترینی، قووڵترینی، بەرهەمداترینی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی بارزانی دەگەڕێتەوە.
ئەم سێ بابەتە، وەک سێ ڕەونەقی و ڕوونی و ڕەوایی و ڕۆشنایی لە بەرچاوانە، بۆیە دەبێت هەموومان لە سا و سێ و سێبەری ئەو سێ چرایەدا باشتر بیر بکەینەوە، دوور لە سۆز و هەڵچوونە کاتییەکان، نزیک لە عەقڵ و مەنتیق و لۆژیک، هەنگاو بۆ خوڵقاندنێکی نوێ بنێین، خوڵقاندنی سەرکەوتنێکی تر بۆ پارتی، کە گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی لە سەر ڕاستەڕێدا دەهێڵێتەوە، نەک هەر دەیهێڵێتەوە، بگرە پەرەیشی پێدەدات و بەرهەمدارتریشی دەکات.
بانگەشە چۆن بەڕێوەچوو؟
لە ٩/٢٥ تا ١٥/١٠/٢٠٢٤،
٢٠ ڕۆژی زۆر گرنگ بوو، دەکرێ ناوی لێ بنێین: (٢٠ ڕۆژی نمایش و هەڵسەنگاندن)، کە پەیام، بەرنامە، سلۆگان، دروشمەکان، ڕەفتارەکان، گوتارەکان، ئاهەنگەکان، مارکێتینگی میدیایی, کارە هونەری و ڕۆشنبیرییەکان، تەنانەت دیزاین و ستەیج و دەنگ و ڕەنگ، هەمووی هی ئەوەیە بخرێتە تای تەرازووەوە، کامە سووک و کامە قورس، کامە ژیان و کامە ناژیان، کامە هیوا و کامە بێ هیوایی، کامە هی ئەوەیە وڵات بەڕێوەببات و کامەی وڵات نەبین، هەر خەریکی ڕق و کینەکانی خۆیەتی، وەکوو ڕوونیشە ڕق وێرانکەرە،
بە دڵنیاییەوە وێنە ڕاست و دروستەکە پارتی ـ یە، ئەو حزبەی قورس و سەنگین، ژیانبین و وڵاتبین، هیوا و ئایندە، ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگریی هەڵگرتووە و بە دەنگی بڵند دەڵێت: (بەرپرسییەتی وە ئەستۆ دەگرم،
ئەوەی کردوومە ئەرکم بووە، هێزی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانم هەیە، بە دەستیی پڕەوە هاتوومە و دەمەوێت ژیانێکی شایستەتر بۆ هەمووان مسۆگەر بکەم). بەڵێ ئەوە پارتی یە، وتەکەی سەرۆک بارزانی، کە لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەدا: ٢٥ی ٩ پێشکەشی کرد دەڵێت: (یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە،
کۆتایی هێنان بە هەرچی کاری نایاسایی) و لەگەڵ خۆیدا هیوا دەخوڵقێنێت.
بەڵێ بانگەشە وەک گۆڕەپانێکی گەورەی نمایشی سیاسی دەریخست، پارتی هی ئەوەیە بە شانازییەوە متمانەی پێ بکرێت و دەنگی پێ بدرێت.
دەنگدان چۆن دەبێت؟
ئەگەر مێژوو بەشێک بێت لە سایکۆلۆژیای بڕیاردان، کە بەشێکە، ئەگەر ئێستا بەشێک بێت لە بینینی ویژدانیانە، کە بەشێکە ئەگەر وە ئەستۆگرتنی بەرپرسییەتیی سبەی بەشێک بێت لە چاوەڕوانیی گەل، کە بەشێکە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستە سەربەرزەکەی سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات،
بەو ئومێد و چاوەڕوانییەوە کۆتایی بە دوا ساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەهێنین و ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەین، دەنگدانێک کە چارەنووسسازە بۆ کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی، لەگەڵ ئەو چاوەڕوانییەشدا تێدەگەین، کە لە چ زەمەن و زەمینێکەوە دەژین، تێدەگەین پەرەسەندن و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان و ئاڵنگارییەکان چین، تێدەگەین کە چۆن لەوەتەی کورد، کوردستان، پارتی، ئەزموونی سیاسی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، تەحەددیات هەیە و لە بەرانبەریشدا ئیرادە، بەڵام ئەوە تەنها گەلی کوردستان، سەرۆک بارزانی، پارتی و دەنگدەرە دڵسۆزەکانن، بە ئیرادەی پۆڵایینەوە تەحەددیات تێک دەشکێنن و بەشدار دەبن لە خوڵقاندنی سەرکەوتنە نوێیە چاوەڕوانکراوەکەی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٤.