لەندەن-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وڵاتی بەریتانیا بانگهێشتی کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کرا.
دارا باراوایی، نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگهێشتی کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کرا و لە کۆنفڕانسەكەدا بە ناوی سەرکردایەتیی پارتییەوە سوپاسی پارتی ناوبرای کرد بۆ ڕۆڵی مێژوویی و پاڵپشتییان لە هەرێمی كوردستان و هاوکارییان لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دژی داعش.
بەشێکی دیکەی دیدارەکان، پەیوەست بوون بە دوایین گرفت و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.
باسکردن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر خاڵە هاوبەش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو دیدارانە بوون.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، دارا باراوایی بەشداری لە کۆبوونەوەی دۆستانی کوردستان لەنێو پارتی پارێزگاران کرد و داوای هاوکاریی زیاتری کرد بۆ دۆزی گەلی کوردستان و پشتیوانیی زیاتر بۆ پاراستن و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.
جێگای ئاماژەپێدانە، لە دابینکردنی نەوای ئارام و دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١، حکوومەتی بەریتانیا کە ئەو کات لە دەستی پارتی ناوبراودا بوو، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوو و لەو کاتەوە پشتیوانی گەل و هەرێمی کوردستان بوون بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون.