Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 12 SEP 2024 21:35 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لێدوانێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
| KDP.info


 ھەولێر-KDP.info- مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، ئێمە ھەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان ھەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد. لەو کاتەوە ھەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە کەرکووک ھەموو لایەک بگەنە ئەنجام و چارەسەرێکی گونجاو، چونکە دۆخی کەرکوک دۆخێکی ئیستسنائییە و چارەسەرەکەشی دەبێ چارەسەرێکی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەو شارەدا بێت.

لە درێژەی ئەو ھەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و تورکمانەکان چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا کە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و تورکمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەرەکان بە ئاراستەی ڕەچاوکردنی مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک و لە چوارچێوەی تەوافوق و کۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و ھەموو لایەک لەسەر ئەوە ھاوڕا بوون کە نابێ ئەزموونەکانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆکیش ئەوە بوو کە بۆ دڵنیایی ھەموو لایەک پارێزگارێکی کورد و بێلایەن دیاری بکرێت کە لە لایەن ھەموو لایەنە براوەکان پەسەند بێت.

لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەکان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی (ثلاثی) بێت. ئەوە بوو ھەر لایەک داوای دەکرد کە پێویستە بۆ یەکەم کەڕەت پارێزگار لە پێکھاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆکیش پێداگر بوو لەوەی کە دەبێ بۆ یەکەمجار پارێزگار کەسێکی کورد بێت. ھەروەھا سەرۆک بارزانیش داوای لێیان کرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین کە بۆ جاری یەکەم پارێزگار لە کوردێکی بێلایەن بێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی ڕێک بکەون، کەچی ھەر ھەموویان ڕەتیان کردەوە لەگەڵ یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێک بکەون. لەدوای ئەوە چەندین کۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، ھەرچەندە ھەموو جاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریکردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی ھەوڵ و نێوەندگیریەکانی بەڕێز سوودانی دەکرا چونکە دۆسیەکە لەدەستی ئەودا بوو و ھەوڵێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەرکووک دابوو.

ئەوەشی لە ڕۆژی ١٠ی ئاب لە ھۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی ھەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی ھەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نیە. پێمانوایە ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک.

چارەسەرکردن و نەھێشتنی کێشەکانی ئەو شارە و سارێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناکرێن. چارەسەر ئەوەیە تاکڕۆیی نەکرێت و ھەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و ھەموو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشداربن.

 

مەحموود محەممەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢-٠٨-٢٠٢٤




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانى: ده‌كرێ زۆر له‌ ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى كۆریاى باشووره‌وه‌ فێرببین

THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2024 19:09:23

ھەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/9/2024، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی بیست ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپاسی كۆریای باشووردا بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە لەلایەن كونسوڵخانه‌ى كۆریاى باشووره‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕێكخرابوو.

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بریتانیا دەكات

THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2024 19:09:44

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئەدمیراڵ ئێدوارد ئەلگرێن ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و شاندێكی یاوەری كرد.

"وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ئێران دا"

THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2024 18:09:29

ھەولێر -KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سەلاحەدین گوتی: سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران دەباتە قۆناغێکی دیکە، ئەو سەردانەش بەرھەمی سەردانی چەند مانگی ڕابردووی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئیران.

نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو

THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2024 18:09:28

ھەولێر-KDP.info-   دوای کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی ٢٠٢٤/٩/١٢ی نێوانیانیان، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعوود پزشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و دۆخی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەشیان كرد.

بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو هەرزان دەبێت

THURSDAY, 12 SEPTEMBER 2024 16:09:18

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر گوتی: بڕیاری وەزارەتی سامانە سورشتییەکان بۆ هەرزانکردنی بەنزین زۆر گرنگ بوو، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی کێبڕکێ لە ھاوردەکردنی بەنزین دروست بێت، نرخەکەی وەکو هی حکوومی لێدێت.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact