جەمال مورتکە
ئەمڕۆ ۱۰ی٨ی۲۰۲٤ (١٠) ساڵ بەسەر دەستدرێژییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تێدەپەڕێت، کە دروستکراوی دەستی دوژمنانی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان و دەستکەوتی گەلەکەمانە، کە خۆی لە ژێر سێبەری سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە.
لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا بۆ یەکەمین جار لەم بەرەبەیانییە لە شارۆچکەی گوێڕ سەرەتا لە گوندی هەوێرە هەیمەنەیی داعش تێک شکا و تیرۆریستانی داعش لە پاش دەستبەسەرداگرتنی شاری مووسڵ لە ۱٦ی۷ی۲۰۱٤، پاشان بەشێکی زۆری ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و دواتر لە ڕۆژانی ۲ی٨ی۲۰۱٤ هێرشی ڕاستەوخۆیان دەست پێکرد بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و سەرەتا لە سەربازگەی کەسکێ و ڕۆژانی دواتر بۆ سەر شنگال.
بە تەواوی لەم رۆژەدا دڕندایەتی و ئامانجی شۆڤێنیەتی دوژمنکارانەیان بەدیار خست، کەوا کارەساتیان بەبیر هێناینەوە لە قۆناغەکانی رابردوو دوژمنان چۆن قینلەدڵانە ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن و تەختکردنی گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی بەکۆمەڵ شەهیدکردن و لە ئەنفالەکانی برا بارزانییەکان و گەرمیان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئا لەم ڕۆژەدا تیرۆریستان هەمان مێژووی ڕەشیان بۆ دووبارە کردینەوە و قینلەدڵانە تاوانی نامرۆڤانەیان دەرحەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجام دا، بە تایبەتی لە ناوچەی شنگال و چەندین شوێنی تر تاوانی گەورەیان ئەنجام دا تا گەیشتە تەعەدای کەسایەتیش.
تیرۆریستانی داعش، ئەم بەرەبەیانییەی کە دەکاتە ۱۰ی٨ی۲۰۱٤ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست دەهێنا، لەم بەرەبەیانییەوە قارەمانەکانی گەل و نیشتیمان، پێشمەرگە خۆڕاگرەکانی کوردستان و دڵسۆزانی کوردستان و پەروەردەکراوانی رێبازی کوردایەتی و پارتی و بارزانی، لەم بەرەبەیانییەدا قارەمانەکانی هەولێری هەردەم سەربەرز و پڵینگ ئاسا کە پێک هات بوون لە قارەمانەکانی ئێستای هێزی پاراستنی هەولێر و هەروەها هەڤاڵانی ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی و لیوای نەوت و لقەکانی پارتیمان، لقی ۱۰ و لقی ۲٦ هەروەها هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هەڤاڵانی حزبی زەحمەتکێشانیش لەگەڵمان بوون لە سنوورەکە لە گوندی هەوێرە بە تیرۆرستانیان گوت، ئێمەین پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵە گیانفیداکانی پارتی و بارزانی، ئیتر بەسە ڕۆژی تێکشکاندن و شکستی کۆتاییتانە، بۆیە لەو ڕۆژەدا تواندرا بە تەواوی شارۆچکەی گوێڕ بە هەموو گوندەکانیەوە ئازاد بکرێ و گەورەترین سەرکەوتن و سەرفرازی تۆمار بکرێ.
لەم ڕۆژەدا، پێشمەرگەی کوردستان، مژدەی سەرکەوتنی بە گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی و هەموو ئازادیخوازانی جیهان ڕاگەیاند و بەڵێنی وەفادارییان بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان بەجێ گەیاند، کەوا دوژمنان چیتر ناتوانن پێشڕەوی بکەن، بەڵکو لەمەودوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەرگی تیرۆریستان نزیک دەبێتەوە لە دۆزەخ و نەمان.
پاشان لە پاشنیوەڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور بە هەمان شێوە لە تیرۆریستان هاتنە دەست و شاری مەخمووریش ئازاد کرا لەلایان پێشمەرگەی کوردستانەوە.
هەر لە ئازادکردنی شارۆچکەی گوێڕ، هەڤاڵانی لەشکری هاوبەشی فەرماندەکان لە میحوەری ٦ مەلاقەرە بە هێزێکی باشەوە لە دەوری نیوەڕۆ گەیشتنە سنووری گوێڕ، کە هاتنیان زیاتر سەرکەوتنی نزیک کردەوە بەسەر تیرۆریستاندا، هەڤاڵانی بەشداربوو لەم شەڕەدا وە ئازادکردن و تێکشکاندنی هەیمەنەی داعش لە پەرتووکی (چۆن داعش تێکشکا) هەمووی زۆر بە وردی و ڕوونی لەم پەرتووکەدا نووسراوەتەوە، بۆیە لەو ڕۆژەدا داوا لە تەواوی هێز و بڕیاربەدەست و ئەوانەی هەستی دڵسۆزانەی نەتەوەیی و نیشتیمانییان بۆ کورد و کوردستان هەیە، داوایان لێ دەکەم ڕۆژانی ۲ی٨ی۲۰۱٤ تاکو بەرەبەیانی ۱۰ی٨ی۲۰۱٤، کە ڕۆژی نائومێدی و شکست و تاوانکاری بوو بەسەر ڕۆڵەکانی گەل و نیشتیمانەکەمان، لەبیر نەکەین و کوردانە بیر بکەینەوە، چونکە دوژمنان هەردەم خەریکن ئەم ڕۆژە ناخۆش و کارەساتبارانەمان بۆ زیندوو بکەنەوە، بۆیە با بەس بێ دووبەرەکی و نەبینە ئەڵقەلەگوێی دوژمنانی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان.
لەم ڕۆژەدا سڵاو ڕێز دەنێرم بۆ تەواوی شەهیدانی کوردستان، ئەوانەی گیانی خۆیان لە پێناو نەتەوە و نیشتیماندا بەخت کرد، سڵاو بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتیانەی زامدار بوون، هیوای چاکبوونەوە و سەلامەتییان بۆ دەخوازم، هەروەها سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو قارەمانانەی بەرگرییان کرد لە شەڕی داگیرکەرانی کوردستان، سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی هاوکار بوون بۆ سەرکەوتنی پێشمەرگە، سڵاو دەنێرم بۆ ئەو دەوڵەتانەی هاوپەیمان لە سەروویانەوە ئەمەریکا و ئەورووپییەکان، کە بە فریای گەل و نیشتیمانەکەمان هاتن.
سڵاو دەنێرم بۆ سەرۆک و پێشمەرگە جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، کە لە ڕۆژی یەکەمی بەرگرییەوە وەکو فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکردایەتیی مەیدانیی کرد بۆ ئەم سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکانەی کەوا پێشمەرگەی کوردستان نازناوی پارێزەرانی گەل و نیشتیمان و جیهانی پێ بەخشرا.