بڵند نەوڕەس
پارتی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆیی خۆی بڕیاری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا لە سەرجەم ئۆرگانەکانیدا، بێ لەو ئۆرگانانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ و دەرەوەی وڵات، کە لە داهاتوودا لەو ئۆرگانانەش هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
هەڵبژاردن ئەو ئامرازەیە کە سەرلەنوێ بە جومگەکانی حزبدا دەچێتەوە و لە بنکەوە تا مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکان دەگرێتەوە و تەوژمێکی بەهێزی نوێبوونەوە دەبەخشێتەوە بە پارتی.
ڕاستە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی هەستیاردابوو، کە بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بە چەند مانگێک، لە هەمان کاتدا پێویستییەکی کاری رێکخراوەیی و دیموکراسی ناوخۆی پارتی بوو کە بوێرانە ئەنجامیدا.
لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چاوەکان زیاتر لەسەر ئەو هەڤاڵانەیە کە دەنگی پێویستییان بەدەستنەهێناوەتەوە، کە زیاتر ئەو هەڤاڵانەن کە پلەیان هەبووە و جۆرێک لە دڵگرانی و ناڕەحەتییان پێوە دیارە، ئەو هەڤاڵانە دڵسۆز و بەئەزموون و خاوەن پێگەن و پارتی بۆ ئەوانە و ئەوانیش بۆ پارتین.
بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەبۆتە جێگای تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردن، ئەو کۆمەڵە هەڤاڵ و کادرانەن کە لەسەر ئاستی هەموو سنوور و ئۆرگانەکانی پارتی، لە بنکەوە بۆ رێکخراو و پاشان ناوچەکان و دواتر لقەکان و مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکاندا سەرکەوتن و هاتوونەتە پێشەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهای ئەو هەڤاڵانە گەنج و لاون و ڕێژەیەکی زۆری ئافرەتیشییان تێدایە.
ئەم سەرمایە مرۆییە نوێیە بۆ پارتی بە دیوێکدا دەرفەتدانە بە توانای نوێ و ژیاندنەوەی هیوایە بۆ سەرجەم کادرانی پارتی، بە دیوەکەی تریشدا ڕێکخستنەوە و ئاراستەکردنی پارتییە بەرمەبنای پەیڕەوی ناوخۆی خۆی، کە پێویستییەکی هەمیشەییە بۆ هەر پارت و رێکخراوێکی سیاسی.
هەڵبژاردن سەرەڕای هەر تێبینییەک کە لەسەری هەبێت یان هەبووبێت، بەڵام لە وێنەگەورەکەدا پێویستییەکی گرنگ بوو لە ڕووی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و ژیاندنەوەی بنکە و ڕێکخراوەکانی پارتی کە بنچینەی لەسەروەستانی پەیکەری پارتین لە رووی جەماوەرییەوە.
داهاتوو پێمان دەڵێت کە ئەم خۆڕێکخستنەوەیەی پارتی چەند سودمەند و کاریگەر دەبێت لە رووی جەماوەرییەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش باشترین تاقیکردنەوەیە بۆ دەرخستنی بەهێزی پارتی.