Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 18 OCT 2024 10:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەحمەد گەرمیانی: یەکێتیی مامۆستایان شانبەشانی پێشمەرگە خەباتی کردووە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٦٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانی مامۆستایان چارەسەر بکات، بە تایبەت بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام حکوومەتی عێراق ھاوکار نییە و بە یەکسانی سەیری پەروەردە ناکات لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا.

مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە یادی ٦٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، یەکێتیی مامۆستایان لە کاتێکدا دامەزرا شانبەشانی پێشمەرگە خەباتی کردووە و لە ھەموو قەیرانەکاندا رۆڵی گرنگی هەبووە و شوێنپەنجەی دیار بووە، سەرەڕای ئەوەش ھەمیشە دەنگ و رەنگی مامۆستایان بووین و داکۆکیمان لە مافی مامۆستایان کردووە و توانیومانە خزمەت بە چینی مامۆستا و پرۆسەی پەروەردە بکەین".

گەرمیانی گوتیشی: "بە ھۆی ئەو قەیرانانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کۆمەڵێک گرفتمان ھەیە، وەکو دابینکردنی بودجەیەکی باش بۆ ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و هەروەها پێویستمان بە راھێنانی زیاتری مامۆستایان و بەرزکردنەوەی کوالیتی قوتابخانەکان ھەیە و کۆمەڵێک داواکاریی دیکەشمان ھەن، کە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە نەتواندراوە کاریان لەسەر بکرێت، ئەگەرنا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی پەروەردە و مامۆستایان چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی ٣٥ ھەزار مامۆستای وانەبێژمان ھەیە تا ئێستا دانەمەزراون و یاسای خانەنشینی ئیتیحادی لە عێراق ھەیە و مامۆستایانی خانەشینی ئەوان سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئێمە لە ئیمتیازاتەکان بێبەشین و حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە ھاوکار نییە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی گرفتەکانمان چارەسەر بکات، بەڵام داواکارییەکان زۆرن و پێویستە زیاتر ھەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر بکرێن".

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژەشی دا: "حکوومەتی عێراق تەنیا خەمی خۆیەتی و خەمی ئێمەی نییە و ھیچ ھاوکارییەکی کەرتی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان ناکات، ئێستاش بڕیارە ٢ هەزار قوتابخانە لە عێراق دروست بکرێن، بەڵام پشکی ھەرێمی کوردستان نادات و دیاری نەکردووە، هەروەها بەغدا ٣٥٠ هەزار کەس دادەمەزرێنێت، بەداخەوە رەزامەند نین وانەبێژانمان بکرێنە گرێبەست، جگە لەوەش ئەوان بەنیازن قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە ھەرێم دابخەن و ئەستەمە ھاوکاریی ئێمە بکەن، بۆیە گلەیی زۆرمان ھەیە و بە یەکسانی سەیری ئێمە و خۆیان ناکەن".

دەشڵێ: "سەبارەت بە پرسی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگەی وەزیری پەروەردەوە ناوەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و داواکارییەکانی بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گەیاندووە و کاری لەسەر کراوە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمی دەکەین، بەڵام ھەواڵی خۆش ئەوەیە ئەگەر  بودجەی ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو ھەموار بکرێتەوە، کە ئێستا شاندێکی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدایە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوکات مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێم دەکرێنە گرێبەست، لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکی ھەرێم لە بەغدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی  خەڵکی ھەرێمی کوردستان".

 

بڵند ئیبراھیم

 




دوایین هەواڵەکان

سیهاد بازرانی: بۆ پاراستنی کوردستان بە خوێن بێت یان پەنجەمۆر ئامادەین

FRIDAY, 18 OCTOBER 2024 10:10:39

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی هێزەکانی پێشمەرگە داوا لە هەموو هاونیشتمانیان و هێزە ئەمنییەکان دەکات دەنگ بدەن. "رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەنگدان و پێدانەوەی شەرعییەت بە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان."

 
بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان تۆمار کراون

FRIDAY, 18 OCTOBER 2024 10:10:55

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان، لە بنکەکانی دەنگدان تۆمار کراون و هەر لایەنێک بەڵگەی پێ بێت، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات". 

 
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت

FRIDAY, 18 OCTOBER 2024 09:10:50

هەولێر-KDP.info- لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 7:00 لە سەرجەم ناوەكاندەكانی دەنگدان كە پێشتر ئامادەكرابوون، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێ كرد.

 
دوو خانەوادەی یەکێتی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کرد

THURSDAY, 17 OCTOBER 2024 23:10:56

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر دوو خانەوادەی دیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیوەندیان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و وازیان لە ڕیزەکانی یەکێتی ھێنا.

 

لە ئاکرێ و شێخان بە سەدان ئەندام و لایەنگری یەکێتی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کرد

THURSDAY, 17 OCTOBER 2024 22:10:08

ئاکرێ-KDP.info- ئەمڕۆ لە سنووری ھەردوو لقی ئاکرێ و شێخان بەسەدان ئەندام و لایەنگری یەکێتی نیشتیمانی  کوردستان پەیوەندیان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و وازیان لە ڕیزەکانی یەکێتی ھێنا.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact