ھەولێر-KDP.info- لە سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکە ساڵی و کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەتیف ڕەشید ڕایگەیاند، گۆڕانی ژینگە یەکێکە لە کێشە گەورەکان کە ئێستا ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان بووەتەوە، بە عێراقیشەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی ئایاری 2024، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و حزبی، سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدایە کە گۆڕانی گەورەی ژینگەیی لە عێراقدا ڕوو دەدات.
بەگوتەی سەرۆککۆمار، "ئەم گۆڕانە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئابووری، کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو لە وڵاتەکەماندا دروست کردووە. هەموولایەک دەزانێت ئاو گەورەترین سامانی سروشتە بۆ ژیان و گەشەپێدان، گۆڕانی ژینگە یەکێکە لە کێشە گەورەکان کە ئێستا ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان بووەتەوە، بە عێراقیشەوە".
سەرۆککۆمار گوتیشی: "زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان لەلایەک و زۆربوونی تێکدانی ژینگە لەلایەکی دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی ژینگە تێک بچێت، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئاسایشی خۆراک بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، زۆربوونی وشکە ساڵی و کەمبارانی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویدا".
سەرۆککۆمار دەڵێت: "وڵاتانی دراوسێ زیاد لە پێویست بڕی ئاویان بۆ کوردستان و عێراقیش بەشێوەیەکی گشتی کەم کردووەتەوە".
لەتیف ڕەشید ڕاشیگەیاند، "جگە لەمانەش خراپیی بەڕیوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەک و بەفیڕۆدانی سامانی ئاو لەلایەکی دیکە و بەکارهێنانی ئاودیریی بەشێوازێکی کۆن بۆ کشتوکاڵ، ئەمانەش کاریگەرییان کردووەتە سەر ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین".
ئەوەشی خستە ڕوو، یەکێک لە کێشەکانی دیکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە، لەگەڵ زۆر بەکارهێنانی پەینی کشتوکاڵ کە یەکێکە لە دیاردە ترسناکەکان لە عێراق کە ڕووبەڕوومان بووتەوە و بووەتە هۆی پیسبوونی ئاو، هەروەها بە بیابانبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانمان کێشەیەکی دیکەیە. هەموو ئەمانە بووەتە هۆی ئەوەی کە نەوەکانی داهاتوومان تووشی کۆمەڵێك گیروگرفت ببن.