ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و ستافی نووسین و ھونەرکاران و سەرجەم کارمەندانی ڕۆژنامەی خەبات دەکات.
دەقی پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)..
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و ھونەرکاران و سەرجەم کارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات)
٤ی نیسان ڕۆژی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات، بەرھەم و شانازییەکی دیکەی خەباتی بێوچانی گەلەکەمانە، ڕۆژنامەیەکی ڕەسەن و شایستە بە میدیای کوردیمان، دەسکەوتێکی دیکەی گرنگی میدیایی پارتیمانە بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری ڕاگەیاندن بە گشتی، بەو بۆنەیەوە دەستخۆشیتان لێدەکەین و ڕۆڵی دیار و کاریگەری ئێوە بەرز دەنرخێنین.
ڕۆژنامەی(خەبات) ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەستێرەیەکی پڕشنگداری ئاسمانی ڕۆژنامەگەریی کوردییە و ھەمیشە دەنگ و ڕەنگی گەلەکەمان و ڕۆشنبیر و نووسەران بووە و لە ھەموو ھەلومەرجێکدا بوێرانە شوناسی خۆی پاراستووە و بەردەوام بووە.
ڕۆژنامەی (خەبات) دەروازە و مینبەرێکی واڵایە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و پێکھاتە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش، ئاوێنە نمای خواستوویستی ھاووڵاتییانە، لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی کادیری میدیایی و ڕۆژنامەوانی، بۆیە (خەبات) لە ھەموو ڕوویەکەوە پێشەنگ و بێوێنەیە.
ڕۆژنامەی (خەبات) بەدرێژایی تەمەنی دەرچوونیدا توانیویەتی خزمەتێکی زۆری بواری مەعریفی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بکات، جگە لەوەی سەرچاوەیەکی مێژوویی و ئەرشیفی و ئەکادیمی گرنگیشە بۆ توێژەران و ڕۆشنبیران و نووسەران، لەو ڕووەوەش ڕۆڵی خۆی بینیەوە مایەی سوپاس و پێزانینە.
بەو بۆنەیەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) دووپات دەکەینەوە و ھیوادارین وەک ھەمیشە لە ئاست ئەو مێژووە دەوڵەمەندە و شکۆدارەدابن و بەرەو پێش بچن.
دروود بۆ گیانی ئەو کادیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسە تێکۆشەرانەی لە ڕێگای ڕۆژنامەی (خەبات)ەوە بێوچان خزمەتی ڕەوتی ڕۆژنامەوانی و دۆزی ڕەوای گەلەکانیان کردووە.
ھەر بەرزو شکۆدار بێت(٦٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ی نیسانی ٢٠٢٤