لقی ٦ی ئەوروپای پارتی سیمینارێکی لەڕێگەی وێبنارەوە بۆ د.ئەشواق جاف سازکرد، ناوبراو بە وردی تیشتکی خستە سەر ئەو پێشێلکارییانەی لەنێو دەستووری عێراقدا کراون، گوتی: ئێمە کێشەمان لەگەڵ دەستووری عێراق نییە، کێشەکان لەگەڵ خەڵکانێکن بەپێی بەرژەوەندی خۆیان خوێندنەوە بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن.
د.ئەشواق جاف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بابەتی دادگای فیدراڵی بابەتێکی درێژە و بەغدا چەندین یاسای پێشێلکردووە، کێشەکان ھی ئەمڕۆ و دوێنێ نین، بەڵکو دەتوانم بڵێم کێسەکان لە ساڵی ٢٠٠٩وە دەستیان پێکردووە، ھەتا دەتوانم دوای پەسەندکردنی دەستوور کێشە دەستیان پێ کرد، بەڵام زۆر بە زەقی دیار نەبوو، چونکە دوای ساڵی ٢٠٠٩ یاسای ھەڵبژاردن ھەموار کرایەوە، عێراق کرایە چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن، بە مەبەستی کردنە فرە بازنەیی .. ئامانجیشیان کەم کردنەوەی دەنگی کورد بوو، بەداخەوە ئەو عەقلیەتەی ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتی بەدەستە عەقلیەتێکی مەرکەزییە و دژی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانە.
د.ئەشواق جاف گوتی: دەستوور زۆر بە ئاشکرا ئاماژەی بە ھەرێمی فیدراڵی کوردستان کردووە، کەچی ئێستا ھەندێ پەرلەمانتار لە بەغدا دەڵێن شتێک نییە بەناوی ھەرێمی کوردستان، کێشەی ئێمە ئەو کاتە دەستی پێکرد کاتێک ساڵی ٢٠١٠ شەڕی بەدەستھێنانی بودجەی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و شەڕی نەوتی کوردستانمان دەکرد، لە ساڵی ٢٠١٢ ئەوان شەڕیان دژی ئێمە دەستپێکرد، ساڵانە بەغدا کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات و ساڵ بۆ ساڵیش پشکی ھەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە.
د.ئەشواق جاف ڕوونیکردەوە: ساڵی ٢٠١٤ بەغدا بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی و ھێزیان بەرەو کەرکووک جووڵە پێکرد، زۆر جار ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت کە دەستووری ئێستای عێراق باشە بۆ خەڵکی عێراق، بەڵام کێشە لە دەستوور نییە، کێشە لە شیکردنەوەی دەستوورە و ھەندێک لایەن بەپێی بەرژەوەندی خۆیان خوێندنەوە بۆ دەقی دەستوور دەکەن، ئەگەر ئەم دەستوورەی عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ئێمە کێشەمان لەگەڵ دەستوور نییە، کارنامەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کارنامەیەکی سیاسی بوو.. لێک تێگەیشتن ھەبوو لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی سودانی بۆ ئەوەی لە رێگەی دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی ئەو کێشانەی ھەڵپەسێردراون وەک ماددەی ١٤٠ ی دەستوور و کێشەی بودجە و یاسای نەوت و غاز و چەندانی دیکە.
قائید میرۆ