ڕانـیـە-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا پردی دەربەندی ڕانیە دەکرێتەوە و بەری مەرگە بە ڕانیە دەبەستێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پردی دەربەندی ڕانیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، چونکە پردەکە دەڤەری بەری مەرگە بە ڕانیە دەبەستێتەوە و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی سوودمەند دەبن بەتایبەت لەڕووی ئاسانکاری ھاتووچۆوە".
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: "پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە زۆربەی کارەکانی تەواوبووە و تەنیا ھەندێک کاری ئەندازەی ھاتووچۆ ماوە ئەویش ڕۆژانی داھاتوو تەواو دەکرێت".
ئاگرین عەبدوڵڵا جەختیشی کردەوە: "لە ئایندەیەکی نزیکدا پردی دەربەندی ڕانیە دەکرێتەوە، چونکە کارەکانی بەرەو تەواوبوونە و تەنیا لەسەر ئەوە دەمێنێت کاتێکی گونجاو دیاری بکرێت بۆ کردنەوەی پردەکە، ھاوکات درێژی پردەکە 420 مەترە و بەرزییەکەی 32 مەتر و پانییەکەشی 15 مەترە، ھەروەھا شوێنی پەرینەوە بۆ پیادە لە ئۆتۆمبێل جیاکراوەتەوە و بەشێوەیەکی ئەندازەی پێشکەوتوو دروست کراوە".
پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە لە ڕۆژی 13ـی تشرینی یەکەمی 2020، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا و گوژمەی پڕۆژەکەش نزیکەی 13 ملیار دینارە.
قائید میرۆ