ھەولێر-KDP.info- له ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا کە 21ی شوباتی هەر ساڵێکە، سبهی چوارشهممه چەندین چالاکیی جۆراوجۆری ئەکادیمی و کلتووری لەبارەی زمانی دایکەوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن.
وهزارهتی ڕۆشنبیری و لاوان به بۆنهی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك، كۆڕێكی بۆ "د. فهریاد فازڵ" دامهزرێنهر و سهرۆكی ئینستیووتی خوێندنی كوردی له بهرلین ڕێك خستووە، كۆڕهكه به ناونیشانی "زمانی كوردی و شێوهزارهكانی" پێشکەش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بۆ ڕۆژی زمانی دایک، کەرنەڤاڵی زانستی و هونەری تایبەت بەو ڕۆژە بە ناونیشانی "کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانی زمان و کلتووری پێکهاتەکانی" بەڕێوە دەبات.
هەروەها زانکۆی جیهان لە هەولێر بە دروشمی "کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانە" یادێکی بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕێک خستووە و تێیدا چالاکیی تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوە دەچێت.
هاروهها لە شاری دهۆک، زانکۆی نەورۆز و یەکێتیی نووسەرانی کورد بە هاوبەشی لەژێر دروشمی "زمانێ دایکێ، شەنگەستەیێ بیردانک و پاشەرۆژا میلـلەتانە" دیدارەکی تایبەتیان لەبارەی ڕەوشی زمانی کوردی بۆ کۆمەڵێک ئەکادیمی و زمانناس بەڕێوە دەبەن.
لە شاری سلێمانیش، کۆلێجی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە ڕۆژی زمانی دایک پانێلێک بە ناونیشانی "یاسای زمانە فەرمییەکان: دەرفەت و ئاڵنگارییەکان" ساز دەکات.
ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1999، ڕۆژی 21ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک ناساندووە، ئەمەش بۆ بەرەنگاری دژی سیاسەتی یەکزمانکردن و تاکڕەویی کلتووری، هاوکات پاراستنی فرەیی و مافی قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایک کە مافی هەموو گەلێکە.