Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 15 JAN 2025 07:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر پرسی قووتی خه‌ڵكی كوردستان گفتوگۆمان كرد
| KDP.info


به‌غدا-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/1/2024 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانییدا له‌ به‌غدا، ده‌رباره‌ى سه‌ردانى دوو ڕۆژه‌ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى عێراق، قسه‌ى بۆ ڕۆژنامه‌نووسان كرد و وه‌ڵامى پرسیاره‌كانیانى دایه‌وه‌.

به‌ڕێزیان سه‌ره‌تا گوتى:

“هاتنی ئێمه‌ بۆ به‌غدا به‌ پله‌ی یه‌ك به‌شداری بوو له‌ ڕۆژی شه‌هیدی عێراقیدا، له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا‌ به‌شدار بووین و دواتر له‌ دوێنێوه‌ تا ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك دیدار و گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌نجامداوه‌. بێگومان ئه‌م دیدارانه‌ ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی وه‌ربگیرێن، چونكه‌ ماده‌م ئێمه‌ له‌م جوگرافیایه‌ ده‌ژین و له‌م وڵاته‌ ده‌ژین، زۆر ئاسایییه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین و هه‌وڵ بدیه‌ن ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆیان له‌باریه‌وه‌ بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌.

له‌م دیدارانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ و دوێنێ كراوه،‌ زیاتر دوو بابه‌تی سه‌ره‌كیمان گفتوگۆ كردووه،‌ یه‌كه‌میان پرسی قووتی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانى خۆی به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا جێبه‌جێ كردووه‌ و ئێستا پێویسته‌ ده‌رباره‌ى بابه‌تی مووچه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق ده‌كرێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش به‌و شێوه‌یه‌ بێت. ناكرێت مووچه‌ بكرێته‌ بابه‌تێكی سیاسی، یان كارتێكى فشار له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. بێگومان جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران تێگه‌یشتنێكی یه‌كجار باشی هه‌بووه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌ و دڵنیام له‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ك ده‌زانن هه‌ر ئه‌مڕۆش بڕیارێكى له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوه‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ بۆ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر له‌ ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌شدا نه‌بووه‌، به‌ڵام زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ بخرێته‌ ناو ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌. به‌ دیدی ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

بابه‌تی دیكه‌ پرسی ئه‌منییه‌ كه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ناردنی ئه‌م درۆنانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی عێراقیش تێكده‌ده‌ن، چونكه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و ناكرێت له‌ یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی بوو كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانیش ئه‌م باسه‌مان كرد. بێگومان ئه‌مه‌ گفتوگۆی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م بابه‌ته‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت.

لێره‌دا جێی خۆیه‌تی جارێكی دیكه‌ سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی هه‌رێم و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین. سوپاسیان بكه‌ین كه‌ به ‌ڕاستی له‌ هه‌موو كوردستانه‌وه‌ زۆر خۆڕاگر بوون و زۆر به‌رگه‌یان گرتووه‌. هیوادارین ئه‌مساڵ بابه‌تى مووچه‌ جارێكی دیكه‌ نه‌بێته‌ بابه‌تی میدیایی و له‌ ڕاگه‌یاندن باس بكرێت. بابه‌تێك بێت كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و نۆرمال وه‌ك هه‌موو مووچه‌خۆرانی دیكه‌ له‌ عێراق، مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش دابین بكرێت.”

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى له‌مباره‌یه‌وه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “به‌ سوپاسه‌وه‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان، شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ جددی كاریان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌، پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نیا به‌نده‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و شاندانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتوون بۆ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ڕێكوپێك كاریان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیایه‌ كردووه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ ڕێشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و نه‌بێته‌ بابه‌تێكی میدیایی، مووچه‌ هات، مووچه‌ گه‌یشت، مووچه‌ وایلێهات. ئێستا به‌ هیوای ئه‌وه‌ین ئه‌مساڵ بتوانین ئه‌م بابه‌ته‌ به ‌شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ په‌نا به‌خوا نه‌بێته‌ بابه‌تی میدیایی”.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌مواری یاسای بودجه‌ و چاره‌سه‌ركردنی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان تیایدا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: “بێگومان ته‌نیا بۆ دابینكردنی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ده‌ورى هه‌شتسه‌د و حه‌فتا و پێنج ملیار دینار پێویسته‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ مووچه، ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌ و هه‌موو داتاكانی داوه‌ته‌ به‌غدا. ئێستا نۆره‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پابه‌ندى له‌ به‌غداوه‌ بكرێت و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكرێت”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ ناردنی شه‌شسه‌د و پازده‌ ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ردانى جه‌نابیان بۆ به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “به‌ سوپاسه‌وه‌، دوێنی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌خرێته‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌وڵی من بێت، پێش منیش حكوومه‌تی هه‌رێم شاندی ناردووه‌ته‌ به‌غدا، به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر هێڵ بوون له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌وڵێكی زۆریان داوه‌‌، هه‌موو لایه‌كمان هه‌وڵمان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌نا به‌خوا له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ به‌غدا باس له‌ چۆنیه‌تیی ڕێگریكردن له‌ هێرشى درۆنى بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و گرانتیی ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: “ئه‌و درۆنانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێن، ئه‌وه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراقه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و بۆچوونی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیشه‌ وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان. هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ئاشكرایه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، وه‌ك گرانتیش، من هیچ گرانتییه‌كم وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی خۆمان وه‌ك هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ ڕوونی له‌ قسه‌كانم، له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانم باس كردووه‌. جارێكی دیكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م شت سه‌روه‌ریی عێراق پێشێل ده‌كرێت، چونكه‌ چ جیاوازییه‌ك هه‌یه؟!‌ بۆ نموونه‌ جیاوازیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چییه‌؟ هه‌ولێریش شارێكی عێراقییه‌ و سه‌روه‌ریی به‌غدا و سه‌روه‌ریی هه‌ولێر یه‌ك سه‌روه‌رین كه‌ سه‌روه‌ریی عێراقه‌. پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراق له‌لایه‌ن هه‌ندێك گرووپی چه‌كداره‌وه‌، پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی هه‌موو عێراقه‌ نه‌ك ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان. ده‌بێت ئه‌مه‌ بوه‌ستێت و ناكرێت ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت. تێگه‌یشتنێكی باش هه‌یه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌. ده‌توانم بڵێم تێگه‌یشتنی باش هه‌یه‌ و به ‌هیواین په‌نا به‌خوا ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت”.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ و دیاریكردنی واده‌یه‌ك و چۆنیه‌تیی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هه‌موو هه‌وڵێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ یاسای بودجه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێ كه‌ ده‌سته‌به‌ری مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بكات. له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن، زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆر دواكه‌وتن و زیاتر دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن بابه‌تی شه‌رعییه‌تی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. داوامان كردووه‌ شاندی كۆمسیۆنی باڵا سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و سبه‌ی و دووسبه‌ی له‌گه‌ڵ هاوكارانم كۆده‌بنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و قسه‌ له‌سه‌ر واده‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ دڵنیا بین له‌و واده‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت. زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كه‌م و له‌به‌ر زۆر هۆكار ناكرێت. هیوادارم ئه‌مه‌ كۆتا جار بێت”.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی كۆمسیۆن كێشه‌ بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دروست ناكات، به‌رێزیان ڕایگه‌یاند: “ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین پێش ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت”.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دیكه‌دا ئاشكرای كرد: “هیوادارین و ئه‌وه‌ی بینیم له‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌غدا، هه‌موو لایه‌نێك ده‌یه‌وێ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ببێت و هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌”.

هه‌ر سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌تی عێراق به‌ ناردنى پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشبینیی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كان بوو كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری نه‌وت گفتوگۆمان كرد و به‌هیوای ئه‌وه‌ین ئه‌م پرسه‌ش له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا چاره‌سه‌ر بكرێت، ناتوانم بڵێم كه‌ی، به‌ڵام پێموایه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی دروستین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ش په‌نا به‌خوا چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ك باسم كرد مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیانه‌ كه‌ ده‌بێت مووچه‌ وه‌رگرن و هیوادارین ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ كۆتاییهێنان به‌و كێشه‌یه‌”.

دواتر له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا ده‌ر‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی دیاریكردنى پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد: “دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و دوای ئه‌وه‌ی تانه‌لێدان ته‌واو ده‌بێت، بێگومان ده‌كه‌وینه‌ گفتوگۆكردن. له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ با وا قسه‌ بكه‌م وه‌ك پارتی، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌م باسه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین. په‌نا به‌خوا هه‌وڵ ده‌ده‌ین چ له‌ مووسڵ و چ له‌ كه‌ركووك، بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتنێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت. زۆر سوپاس”.




دوایین هەواڵەکان

فازڵ میرانی پیرۆزبایى له‌ كاكه‌ییەکان ده‌كات

TUESDAY, 14 JANUARY 2025 20:01:51

ھەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی جەژنی (قەوڵتاس) ئاراستەی برایانی کاکەیی کوردستان و جیھان کرد.

 

هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد

TUESDAY, 14 JANUARY 2025 20:01:27

ھەولێر-KDP.info- لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی ھەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە و ڕێکار و میکانیزمەکانیان تاوتوێ کرد.

 
ئومێد سەباح: شاندی دانووستانکاری پارتی لەگەڵ بەرەی گەل کۆبووەوە

TUESDAY, 14 JANUARY 2025 20:01:00

ھەولێر-KDP.info- ئومێد سەباح، ئەندامی شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ لاھور جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل کۆبوونەتەوە.

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاس

TUESDAY, 14 JANUARY 2025 19:01:23

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاس راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات

TUESDAY, 14 JANUARY 2025 18:01:28

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە 1/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact