کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە ٥ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: خەڵکی کەرکووک بەشێوەیەکی فراوان پشتیوانی لە لیستی پارتی دەکەن و لەم ھەڵبژاردنە لە کەرکووک مژدەی سەرکەوتن بە گەلی کورد ڕادەگەیەنین.
حاجی خالید مەولود ، کاندیدی ژمارە ٥ی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: جێگەی خۆشحاڵییە بەھۆی نزیکبوونەوە لە ھەڵبژاردن خەڵکێکی یەکجار زۆر پاڵپشتی و پشتگیری لە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و گڕوتینێکی زیاتر کەوتۆتە ناو کاندید و دەنگدەرانیش و کۆنتاکتی زیاتر دروست بووە، بۆیە پرۆسەکە تا ئێستا بە ئارامی بەڕێوە دەچێت، ئێمەش بەردەوام لە ناو خەڵکداین و خەڵکیش زۆر باش پێشوازی لە ئێمە دەکات و پشتگیری خۆیان بۆمان دووپات دەکەنەوە.
حاجی خالید مەولود گوتیشی: ئەوەی جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە ئەوەیە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگەی ڕەزامەندی ھەموو خەڵکی کەرکووکە و بەردەوام پشتگیری لە لیستەکەمان دەکەن و ھیوای سەرکەوتنمان بۆ دەخوازن و دەیانەوێت پارتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خزمەتیان بکرێت.
دەشڵێت: بەبێ ئەوەی موجامەلە بکەین لیستی پارتی ئەنجامێکی باش بەدەست دێنێت و موژدەیەکی خۆش لە کەرکووک بە گەلی کورد ڕادەگەینێت و ئەم سەرکەوتنە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو بێنازییەی بەسەر خەڵکی کەرکووکدا تێپەریووە ساڕێژی ببێت بە سەرکەوتنی لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان.