Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 13 FEB 2025 21:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هێمن هەورامی: پارتی بەباشی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادەکردووە
| KDP.info


لەندەن-KDP.info- لە لەندەن کۆنفرانسێکی تایبەت بە رەوەندی وڵاتان بەڕێوەدەچێت، لەمبارەیەوە بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بە بایەخێکی گەورەوە لە رەوەندی کوردستانی دەڕوانین. لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، پارتی بەباشی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادەکردووە.

هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی کۆنفرانسی رەوەندی وڵاتان لە لەندەن، کە ناوبراو بەشدارە لەو کۆنفرانسە رایگەیاند، "ئێمە بە بایەخێکی گەورەوە لە رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەڕوانین، بۆیە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی سیاسی و لە خودی بارەگای بارزانییش دۆسییەکی زۆر تایبەت هەیە بۆ سەرپەریشتیکردنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە".

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها راشیگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا باس لە ئەزموونی وڵات کراوە کە چۆن ئیدارەی رەوەندی وڵاتانی خۆیان کردووە، ئێمەش بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیکەوە سوود لەم ئەزموونە وەربگرین و ئەو نەخشەرێگایەی کە وڵاتان گرتویانەتەبەر بتوانین لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان بیانگونجێنین و بیروڕاکان ئاڵوگۆڕ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئێمەش نەخشەرێگایەکی باشتر بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی کاروباری رەوەندی کوردی لە دەرەوە دابڕێژین.

هێمن هەورامی، دەڵێت: روانگەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە رەوەندی کوردی لە دەرەوە بتوانن لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەردەوام بن، و لە پێگەیاندنی تواناکانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان لەسەر بنەمایەکی مەدەنیانەی دیموکراسیخوازانەی ئاشتیخوازانە بەردەوام بن، هەروەها بەردەوام بن لەسەر ناساندی فەرهەنگ و کولتووری هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە، هاوکات پێویستە بتوانن ببنە پردی پەیوەندی لەنێوان هەم هەرێمی کوردستان و هەم پارچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە تێیدان، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو وزە و توانا و لێهاتوویەی کە لەو وڵاتانە وەریدەگرن بیخەنە خزمەت دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان. گوتیشی: رەوەندی کوردی هێز و وزەیەکی شاراوەی گەلی کوردستانن لە دەرەوەی وڵات.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ئێمە وەک پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر ئامادەین و پارتی شارەزایە لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، ئێمە 100 کاندیدمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەیە، هەموو کارەکانمان بۆ ئەوەیە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنین.

هێمن هەورامی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، لەگەڵ ئەوەدا نین هیچ بیانووێک ببیندرێتەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن چونکە پرۆسەی دیموکراسیەت لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، پارتی بڕوای بەخۆی هەیە و لە هەڵبژاردنیش ناترسێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، ئێمە دوو حزبی سیاسی جیاوازین و بیروبۆچوونەکانمان  لەسەر کۆمەڵێک لە پرسەکان جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوو حزبی حکومڕانین لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشی یەکدی بووینە، بۆیە ئاساییە بیروبۆچوونی جیاوازمان هەبێت.

هاوکات راشیگەیاند، ئێستا ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی دۆخێکی باشتر له‌ پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بهێنرێتە پێشەوە، کۆبووەنەوەکان لەگەڵ یەکدی کۆبوونەوەی راشکاون و بە ئومیدی ئەوەین کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکدی بەردەوام بێت، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە سوور بین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، هەروەها یەکدەنگ بین لەسەر ئەو کۆسپانەی کە لە بەغدا لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت.




دوایین هەواڵەکان

ڕاگەیاندنی پارتی ڕێز لە شاعیر و نووسەر (د.عەبدولڕەحمان مزووری) دەگرێت

THURSDAY, 13 FEBRUARY 2025 21:02:42

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری دھۆک ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ڕێزگرتن لە شاعیر و لێکۆڵەر د.عەبدولڕەحمان مزووری ڕێکخست.

 

نەوزاد هادی: لەپێناو بەهێزترکردنی پارتی بەیەک تیم کاربکەن

THURSDAY, 13 FEBRUARY 2025 20:02:44

نەینەوا-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لەگەڵ کادیر و ئەندامانی پارتی لە سنووری نەینەوا کۆبووەوە و داوای کرد کە بەیەک تیم کاربکەن لە پێناو بەھێزترکردن و پتەوکردنی زیاتری ڕێکخستنەکانی پارتی لە نەینەوا و دەشتی نەینەوا.

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە ئەڵمانیا

THURSDAY, 13 FEBRUARY 2025 17:02:59

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە ئەڵمانیا.

 

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد

THURSDAY, 13 FEBRUARY 2025 17:02:39

ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

 

قایمقامی زاخۆ بۆ KDP: دەڤەری پیشەسازی زاخۆ ھەلی کار دەڕەخسێنێت

THURSDAY, 13 FEBRUARY 2025 15:02:04

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، کە پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازی زاخۆ لە ناوچەی ھیزاوا جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەکە دەبێتە ھۆی پەیداکردنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact