هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی (کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستان _ لیبیا) لە هەرێمی کوردستان گوتی: بە ئامانجی دروستکردنی پردێک بۆ پەیوەندی زیاتری کلتوری و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە نێوان هەردوو وڵاتی لیبیا و هەرێمی کوردستان، (کۆمەڵەی دۆستایەتی هەرێمی کوردستان _ لیبیا) دادەمەزرێنین.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، سەرۆکی (کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستان _ لیبیا) لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو کۆمەڵەیە کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوەییە و ناسیاسی و قازانج نەویستە و لەگەڵ کەسێک لە وڵاتی لیبیا ماوەیەکە سەرقاڵین بۆ ئەوەی کۆمەڵەیەک دامەزرێنین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندی کلتوری و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی پەرە پێبدەین لە نێوان هەردوولا و ئەو گفتوگۆیەشمان لە لاهای دەستپێکرد، چونکە هەردووکمان لە خولێک بەشداربووین لەلایەن حکوومەتی هۆڵەندا ئەنجامدرابوو، بۆیە دوای گفتوگۆیەکی زۆر گەیشتینە ئەوەی پردێکی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی لیبیا دروست بکەین، خۆشبەختانە وەکو هەنگاوی یەکەم یاداشتانەمەیەکی لێکتێگەیشتنمان واژوو کرد بە ئاڕاستەی تۆمارکردن وناساندنی کۆمەڵەکە بەشێوەیەکی فەرمیی لەلایەن حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی لیبیا، لەماوەی داهاتوو ڕێکاری یاسایی خۆمان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵەکەمان کارە کلتوری و ڕۆشنبیریییەکانی ئەنجام بدات.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: جارێ دوو سەرۆکی هەیە من لە کوردستان و ئەوەی دیکەش لە لیبیا تا کۆنگرە دەبەسترێت و دەستەی کارگێری دروست دەکرێت و بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە، بۆیە جارێ هەنگاوی یەکەممان ناوە بۆ و ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکە بۆ ئەوەی پردێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و لیبیا لەڕووی کلتوری و ڕۆشنبیری دروست بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوەکانمان دەستیپێکردووە.
بڵند ئیبراهیم