ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی ئاکرێ ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت.
بڕیارە ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی ئاکرێ ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئاکرێش دەڵێ: خواستێکی زۆر لەسەر بەرھەمی کوردستان ھەیە، بەتایبەتی برنجی ئاکرێ .. بووەتە بڕاندێکی جیھانی.
فازل مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: چەند ساڵێکە بەرھەمی ناوخۆی ئاکرێ لە ڕێگەی کۆمپانیاوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت و لەو شوێنانەی بەرھەمی خۆماڵی ئاکرێی دەگاتێ خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمساڵیش بڕیارە بەرھەمی ھەنجیر و برنج و پونگ و سماقی ئاکرێ ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت و پاڵپشتی ھەر جووتیار و کۆمپانیایەک دەکەین ئەگەر بیەوێ بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکات.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتیشی: برنجی "شەش مانگی" ئاکرێ نێوبانگی پەیداکردووە و خواستی زۆری لەسەرە، دەتوانم بڵێم ئێستا برنجی کورد ئاکرێ بووەتە بڕاندێکی جیھانی و بە لۆگوی تایبەتی خۆی لە بازاڕەکانی جیھان فرۆشی زۆری ھەیە.
فازل مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی کەرتی چاندن و جووتیاران دەکات، دەیەوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بەرھەمی جووتیاران ساغ بکرێتەوە، ئەو چەند ھەنگاوەی نراون بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ وڵاتانی جیھان سەرکەوتنی بەدەستھێناوە و پلان ھەیە پڕۆژەکە فراوانتر بکرێت، ئەمەیش جێگەی ئومێدە بۆ جووتیارانمان.
قائید میرۆ