ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەولێر دەستی پێکرد.
کۆنفرانسەکە لە شاری هەولێر لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینەوە رێکخراوە و کاتەکەی هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری رق و کینە.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا باسی لەوەکرد، گوتاری رق و کینە کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان و مرۆڤایەتییە و دژی سەقامگیری کۆمەڵگایە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کوردستان هەم ئازادی ئاین و هەم ئازادی خواپەرستیش هەیە، کە لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە بوونی نییە، هەر بۆیە کوردستان وەک نموونەی پێکەوەژیان بانگهێشتی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت.