هه‌ولێر –KDP.info- پسپۆڕێكی بواری سیسته‌مه سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، سه‌رۆك بارزانی به كاریزما و خاوه‌ن كاریگه‌ریی تایبه‌تی له عێراق و كوردستان ده‌زانێ و پێی وایه ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی بۆ یه‌كگرتووییی سیاسی ده‌بێته هۆی ئومێدی دۆسته‌كانمان له ده‌ره‌وه و سیسته‌می سیاسیی كوردستان ئابده‌یت ده‌كاته‌وه و سه‌رۆك بارزانی به كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی بۆ به‌هێزکردنی كوردستان ده‌زانێ.
دكتۆر بارزان جه‌وهه‌ر، مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له كۆلێجی زانسته سیاسییه‌كان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: "كاریگه‌ریی یه‌كگرتووییی سیاسی به‌تایبه‌تی له‌ژێر ڕۆشناییی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا زۆر گرنگه بیزانین و، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به شێوه‌یه‌كی زانستی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین و له‌سه‌ر بنه‌مای پۆلێن‌کردنی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ماكس ڤێبه‌ر، كۆمه‌ڵناسی سیاسیی ئاڵمانی باسی ده‌كات، ئێمه سێ جۆر ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ریتییه، ده‌سه‌ڵاتێكمان هه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی كاریزماییه، ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌میش ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵانی و دامه‌زراوه‌ییه، سه‌باره‌ت به پرسی دامه‌زراوه‌كان و ڕۆڵیان به‌داخه‌وه له عێراق لاوازە، به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی كه‌سی و ده‌ستێوه‌رده‌ری ئیقلیمی وای كردووه كه هه‌میشه دامه‌زراوه‌كان له‌رزۆك بن و كاروباری سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌كان و سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كانیش به شێوه‌ی دامه‌زراوه‌یی و یاسایی و رێسایی به‌رێوه نه‌چێت، بۆیه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌راغه دامه‌زراوه‌ییه و له كوردستانیش وه‌ك پاڵپشتێكی دامه‌زراوه‌كان و ئاراسته سیاسییه‌كان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی توانیی ئه‌و رۆڵه گرنگه كاریزماییه بگێڕێ و وه‌ك گرنگترین كه‌سایه‌تیی سیاسی ده‌ربكه‌وێ كه حه‌تمه‌ن كه‌سایه‌تیی كاریزما ڕۆڵی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی سیاسی و له ڕاستیدا هاوپه‌یمانانی ئێمه هیوادار ده‌كات به پشتیوانی له كورد، چونكه به‌راستی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی وای كردووه كه هه‌ڵبژاردن دوا بخرێت، كێشه بۆ داهاتووی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت و رێگریشه له پێشكه‌وتنی هه‌رێم، بۆیه له‌م كاته‌دا سه‌رۆك بارزانی هه‌رچه‌نده هیچ پۆستێكی فه‌رمیی نییه له حكوومه‌تدا، به‌ڵام وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزما حه‌تمه‌ن توانیویه‌تی و ده‌توانێ لایه‌نه‌كان لێك نیزیك بكاته‌وه و كردووشییه‌تی و ده‌توانێ سیسته‌می سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئابده‌یت بكاته‌وه."
دكتۆر بارزان هه‌روه‌ها گوتی: پاش گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، جموجۆڵی بازرگانی دروست بووه‌ته‌وه، پێشتر خه‌ڵك له دڵه‌ڕاوكێدا بوو، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان نیگه‌ران بوون، به‌ڵام دوای ڕۆڵگێڕانی سه‌رۆك بارزانی و گوتاره‌كه‌ی له یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی وا جارێكی تر جموجۆڵ كه‌وتووه‌ته‌وه بازاڕه‌وه و خه‌ڵك ده‌توانێ دڵنیایی هه‌بێت كه ناكۆكییه سیاسییه‌كان كه‌م بووه‌ته‌وه و له ڕووی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه هه‌نگاوی باش نراوه و نیزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له ڕابردووش‌دا فاكته‌ری هێز بووه له كوردستان و ئه‌و كاته‌ی كه سه‌رۆك بارزانی و ڕه‌حمه‌تی مام جه‌لال هه‌وڵی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانیان دا بۆ ده‌ره‌وه ئه‌مه بووه فاكته‌ری هێز بۆ كوردستان كه له یه‌كگرتوویی سیاسییه‌وه هاتبووه به‌رهه‌م، ئێستاش سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه له خستنه‌سه‌رپێی ئابووری و دیپلۆماسیی كوردستان و یه‌كگرتووییی سیاسی كه دابینكه‌ری فاكته‌ره‌كانی تری هێزه له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و دیپلۆماسییه‌وه".
سه‌ڵاح جه‌لال