هەموو ساڵێک گەلەکەمان لە (٢١ـی ئادار) یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردی دەکاتەوە.
نەورۆز واتە هێما و کولتوور و مێژوو و شیانی نەتەوەیی، واتە دەستپێکی ساڵێکی نوێ و گەشانەوە و بووژانەوەی سروشتی کوردستان.
نەورۆز نیشانەی سەرکەوتنی هێزی ئازادیخواز و خێرە بەسەر هێزی ستەم و شەڕانگێزی، هەروەها هەوێنی نەسرەوتن و بەردەوامبوونە لە تێکۆشان و خەباتی ڕەوا و گیانی بەرخۆدان و ڕووبەڕوبوونەوەی ستەم و زۆرداری.
جەژنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، دەرفەتێکە بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردستانی و هەماهەنگی زیاتر و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان، لەوانەش پرسی هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم جەژنە پیرۆزە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕین و ڕۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان، بۆیە هەر لەو ڕۆژەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتییان و خەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین.
لەم جەژنە نەتەوەییەماندا جەخت دەکەینەوە لە سەر بەدیهێنانی ماف و خواست و ئامانجەکانمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پاراستن و بەهێزکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و، ئومێدەوارین کوردستانییانی خۆشەویست لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوە ئەم جەژنە نەتەوەییە بە ئارامی و خۆشی و شادی بەسەربەرن.
جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی لە گەلی کورد و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان، لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی چین و توێژەکان پیرۆز بێت.
کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان و شکۆدار بێت.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ـی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ـی کوردی
٢٠ـی ئاداری ٢٠٢٣ـی زاینی