هەولێر -KDP.info- ساڵانە لە ڕۆژی 10ی ئادار کە بە ڕۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی دیاری کراوە، لە ناوەندەکانی خوێندن و لە دامودەزگا حکوومیەکان و بگرە هاووڵاتیانیش ئەو یادە بەرز ڕادەگرن و جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەر دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ئەو ڕۆژە دەکەوێتە ڕۆژی هەینی کە پشووە، ڕۆژێک پێش خرا و ئەمڕۆ ئەو یادە کرایەوە و هەموو چین و توێژەکان لە هەرێمی کوردستان جلوبەرگی نەتەوەییی خۆیان پۆشیبوو و پیرۆزبایییان لە یەکتر دەکرد بە بۆنەی ئەو ڕۆژە پیرۆزەوە.
جلوبەرگی نەتەوەیی، مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە هەر ناوچەیەک لە ڕووی دیزاینەوە بە شێوازێکە و دەگۆڕێت و ساڵ بۆ ساڵ گۆڕانکاریی بەسەر مۆدیلەکاندا دێت، بەڵام تا ئێستاش ڕەسانایەتی و مۆرکی خۆی نەگۆڕیوە و بە یەکێک لە جلوبەرگە هەرە جوانەکان دادەنرێت .
مامۆستا حەسیب گۆران کە لەم مانگەدا ڕۆژانە جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی لە هەموو کوردێک پیرۆز دەکەم و هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە ئەمڕۆ ڕۆژی جلوبەرگی نەتەوەییە و من خۆم نەک ڕۆژێک، بگرە ساڵانە لە یەکی ئادار تا کۆتاییی مانگ ڕۆژانە جلوبەرگی کوردی دەپۆشم و بە یەکێک لە جوانترین جلەکانی دەزانم کە ڕەمزی نەتەوەییە و هیوادارم تەنها ڕۆژێک نەبێت و بەردەوام هەموو خەڵک جلوبەرگی نەتەوەیی بپۆشن، چونکە ڕۆژێک بۆ جلوبەرگی نەتەوەیی کەمە و پێویستە زیاتر گرنگیی پێ بدرێت.''
هەر لەم بارەیەوە، نادیە ئیبراهیم، کە پیشەی فەرمانبەرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ هەستێکی خۆشم هەیە کە جلوبەرگی کوردیم لەبەر کردووە و هاتووم بۆ دەوام و هیوادارم گرنگیی زیاتر بە جلوبەرگی نەتەوەیی بدرێت و تەنها ڕۆژێک کەمە بۆ جلوبەرگی نەتەوەیی و پێویستە لە زۆرینەی بۆنەکان بە جلوبەرگی نەتەوەیی بەشدار بین، چونکە جلوبەرگی کوردی جوانترین جلە لای من بەراورد بە جلەکانی دیکە و کوردیش لە زۆرینەی شوێنەکان بەو جلە دەناسرێتەوە کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە.''
هەر لەم بارەیەوە، وەحیدە یاقۆ هورمز، نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی مێژووییە و هی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانە و ئێمەش وەکوو مەسیحی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی خۆمان دەزانین و جلوبەرگی خۆمان دەپۆشین و جلی ئێمە کلد و ئاشووری هەیە و ئەوانەی کلدانی هەر جلی کوردی لەبەر دەکەن، بەڵام ئاشوورییەکان شێوازی جلوبەرگیان هەندێک جیاوازە، ئەگەرنا من دایکی خۆشم تا ئێستا جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکات، بۆیە جلوبەرگی نەتەوەیی ڕەمزێکە و شانازیی پێوە دەکەین.''
جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن بە لەبەرکردنی جلوبەرگی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی چەندین چاڵاکی ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگیرا، هاوکات لە فەرمانگە حکوومیەکانیش زۆرینەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکان جلی نەتەوەیییان پۆشیبوو.
بڵند ئیبراهیم