هه‌ولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/1/25 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز تۆبیاس لیندنه‌ر، وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فیدراڵیى ئه‌ڵمانیا و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ڕێز لیندنه‌ر دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌ڵمانیا به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازیاره له هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر بدات، به‌تایبه‌تیش له بوارى ئابووریدا، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه باسى له دوایین سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانى بۆ ئه‌ڵمانیا كرد. هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى سه‌قامگیریى سیاسى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ پێشكه‌وتن له هه‌موو بواره‌كاندا.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌ڵمانیا دووپات كرده‌وه بۆ هاوكارى و یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له شه‌ڕى دژى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ ناساندنى كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییان به جینۆساید له په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هێشتا داعش مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه و هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له ئاسایشى عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات، بۆیه عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستییان به به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشه.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.